ژنە داعشێک کە کچە کوردێکی ئێزدی بە کۆیلە کردبوو، لە فەرەنسا بە تاوانی دژی مرۆڤایەتی تۆمەتبارکرا
رووداو دیجیتاڵ
لەسەر بەکۆیلەکردنی کچە کوردێکی ئێزدی، ژنی پێشووی بەرپرسێکی باڵای داعش لە فەرەنسا بە تاوانی دژی مرۆڤایەتی تۆمەتبارکرا.
ژنەکە ناوی سۆنیایە. ژنی پێشووی عەبدولناسر بن یوسف، سەرکردەی باڵای داعش بووە. رۆژی شەممە، میدیای فەرەنسا ئاشکرای کرد، سۆنیا لە 14ـی ئادارەوە تۆمەتبارکراوە.
کچە کوردە ئێزدییەکە تەمەنی 16 ساڵان بووە کاتێک بن یوسف کردبووی بە کەنیزەکی خۆی.
کچە کوردەکە، سۆنیای تۆمەتبارکردووە بەوەی دوو جار دەستدرێژیی سێکسی کردووەتە سەری، هەروەها ئاگاداری ئەوە بووە کە هاوژینەکەی دەستدرێژی سێکسی دەکاتە سەری، بەڵام بێ هەڵوێست بووە.
ئەو کچە کوردە ئێستا تەمەنی 25 ساڵە، باسی لەوە کردووە ساڵی 2015، بۆ ماوەی مانگێک لە سووریا لەلایەن سۆنیا و هاوژینەکەیەوە بەکۆیلەکرابوو. لەو ماوەیەدا بۆی نەبووە بێ مۆڵەتی سۆنیا، بخوات، بخواتەوە یان خۆی بشوات.
لە لێپرسینەوەکەیدا لە 14ـی ئادار لەگەڵ لێکۆڵەرانی فەرەنسی، سۆنیا تۆمەتەکانی رەتکردووەتەوە و گوتوویەتی "تەنیا یەک جار دەستدرێژی سێکسی" کراوەتە سەر کچە کوردە ئێزدییەکە، کە ئەویش لەلایەن هاوژینی پێشوویەوە بووە.
سۆنیا هەروەها گوتوویەتی، کچەکە "ئازادانە لە ژوورەکەی دەچووە دەرەوە، هەر شتێکی ویستبا دەیخوارد و هەرکاتێک پێویستی پێ بووایە دەچووە سەرئاو."
نەبیل بۆدی، پارێزەری سۆنیا رەخنەی تووندی لە تۆمەتەکان گرت و گوتی، داواکاری گشتی دەیانەوێت سۆنیا "بە بەرپرسیار دانێن لەبەرامبەر گەورەترین تاوان، چونکە دادگەکان نەیانتوانیوە ئەنجامدەرانی راستەقینەی تاوانەکە دەستگیر بکەن."
فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بن یوسف دەرکراوە.
فەرەنسا لە ساڵی 2016 دەستی بە لێکۆڵینەوە لە جینۆسایدی کوردانی ئێزدی، تاوانی دژی مرۆڤایەتی و تاوانە جەنگییەکانی داعش لە دژی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی عێراق و سووریا کرد.
لێکۆڵینەوەکان سەرنجیان لەسەر کوردانی ئێزدی، کرستیانەکان و هۆزی شعێتات بووە.