وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: لە هەندێ شێوازی بەرگری لەخۆکردنی ئیسرائیل ناڕازین
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، ئەوان لەو وڵاتانەن کە لە "هەندێ شێوازی" هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە ناڕازین.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی رۆژی پێنجشەممەدا، لە وەڵامی پرسیارێکی دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن، ماتیو میللەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، ژمارەیەک وڵات هەن کە لە سەرەتاوە پشتیوانی هێرشەکانی ئیسرائیلیان نەکردوو.
هەروەها گوتی، "هەندێ وڵاتی وەک ئەمریکا هەن کە پشتیوانییان لە مافی بەرگری لەخۆکردنی ئیسرائیل کردووە و لە هەمان کاتدا لە هەندێ شێوازی ئەنجامدانی ئەم هەڵمەتە ناڕازین و داوایان لێ دەکەین کاری زیاتر بکەن بۆ پاراستنی خەڵکی سڤیل و زیادکردنی گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بەو خەڵکە سڤیلە."
رۆژی دووشەممەی پێشوو، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارنامەیەکی دەرکرد و تێیدا داوایکرد جەنگ بوەستێنرێت؛ ئەمریکا بە بەڵێ یان نەخێر دەنگی پێنەدا.
میللەر بە رووداوی گوت، "لەبارەی بڕیارنامەکەی ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵوێستمان روونە و لەگەڵ هەڵوێستی لەمێژینەی ئێمە دەگونجێت کە بریتییە لەوەی دەبێت ئاگربەستێک هەبێت و بەند بێت بە ئازادکردنی بارمتەکان". گوتیشی، "بڕوامان وایە هەڵوێستی ئیسرائیلیش هەر ئەمەیە".
رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور رۆژی پێنجشەممە هۆشداریی دا کە بڕیارنامەکە هیچی لە دۆخی غەززە نەگۆڕیوە.
بڕیارنامەکە دوای زیاتر لە پێنج مانگ جەنگ هات کە بووەتە هۆی وێرانبوونی کەرتی غەززە و کوژرانی لانیکەم 32 هەزار و 552 کەس بەهۆی هێرشی ئاسمانی و زەوینی ئیسرائیل.
بڕیارنامەکە کە لە لایەن چین و رووسیاوە پشتیوانی لێ کرا، داوای "ئاگربەستی دەستبەجێ"ی کرد بۆ مانگی رەمەزان بۆ ئەوەی دواتر ئاگربەستێکی "بەردەوام"ی لێ بکەوێتەوە.
بەڵام کریستۆس کریستۆ، سەرۆکی رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور دەڵێت، "هیچ گۆڕانکاریێکمان نەبینیوە لە دوای بڕیارنامەکەوە روویدابێت. هیچ کاریگەریێکمان لەسەر ژیانی رۆژانەی خەڵکی ئەوێمان نەبینیوە؛ هیچ کاریگەریێکمان لەسەر جیهانی خۆمان و شێوازی گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان نەبینیوە."
کریستۆ جەختدەکاتەوە کە "دۆخەکە وەکو خۆی ماوە."
جەنگەکە دوای ئەوە دەستیپێکرد کە حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەری پار هێرشی کردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە. لەو رۆژەدا لانیکەم هەزار و 160 کەس کوژران کە زۆربەیان سڤیل بوون، هەروەها چەکدارە فەلەستینییەکان 250 کەسیان بە بارمتە گرت. ئیسرائیل دەڵێت 130یان لە غەززە ماون، لە نێویاندا 34یان گیانیان لەدەستداوە.
بەرپرسانی ئەمریکا بەم دواییانە بە ئاشکرا نیگەرانیی خۆیان لە هێرشەکانی ئیسرائیل دەربڕیوە و هۆشدارییان بە ئیسرائیلییەکان داوە کە هێرش نەکەنە سەر شاری رەفەحی باشووری غەززە کە 1.5 ملیۆن کەس تێیدا کۆبوونەتەوە، کە زۆربەیان لە شوێنەکانی دیکەی کەرتەکەوە ئاوارە بوون.
کریستۆ هۆشداریدەدات کە رێکخراوەکەیان "لەڕادەبەر نیگەرانە" لە نیازی ئیسرائیل بۆ ئەنجامدانی هێرشی زەوینیی بەرفراوان بۆ سەر شارەکە و دەڵێت، "ئەوە زۆر کارەساتبار دەبێت."