رووداو دیجیتاڵ
'پاشای دراوە دیجیتاڵییەکان' بە تۆمەتی دزینی 8 ملیار دۆلاری بەشداربووانی سەکۆکەی بۆ مەرامی تایبەتی، بە 25 ساڵ بەندکردن سزادرا.
رۆژی پێنجشەممە 28-3-2024، بە تۆمەتی 'ساختەکاری دارایی' لە دادگەیەکی ویلایەتی مانهاتن لە ئەمریکا بە 25 ساڵ زیندانی سزادرا.
سام بانکمان کە ساڵانێک بە 'پاشای دراوە دیجیتاڵییەکان' ناوبانگی دەرکردبوو، تۆمەتبارە بە "دزینی 8 ملیار دۆلار"ـی بەشداربووانی سەکۆکەی.
لویس کاپلان دادوەری ناوچەی ئەمریکا لە دانیشتنێکی دادگای مانهاتن سزاکەی دەرکرد، ئەوەش دوای ئەوەی بانگەشەکانی بانکمانی رەتکردەوە.
بانکمان لە دادگە گوتوویەتی کە بەشداربووانی FTX پارەیان لەدەست نەداوە، بەڵام کاپلانی دادوەر گوتەکانیی 'بەدرۆ خستووەتەوە'.
کاپلان دوای دادگەییکردنەکە گوتی، "بانکمان هیچ پەشیمانییەکی پێوە دیار نەبووە".
رۆژی هەینی، 03-11-2023، سام بانکمان، خاوەنی پێشووی سەکۆی مایەپووچبووی FTX کە بە ساختەکاریی دارایی تۆمەتبارکرابوو، هەموو تۆمەتەکانی بەسەردا ساخبووەوە و رەنگە لە کۆتاییدا بە 110 ساڵی زیندانی سزا بدرێت.
بانکمان حەوت تۆمەتی ئاراستەکرابوو و هەموویانی بەسەردا ساخ بووەتەوە؛ پێنج لەو تۆمەتانە ئەوپەڕی ماوەی زیندانیکردنیان 20 ساڵە، دووانەکەی دیکەش زۆرترین ماوەی زیندانییان دەگاتە 5 ساڵ، بەوپێیە دەکرێت کۆی ماوەی زیندانیکردنەکەی بگاتە 110 ساڵ.
بەشێك لە دادوەرانی ئەمریکا، دۆسیەکەی بانکمان بە یەکێک لە گەورەترین دۆسیەکانی ساختەکاریی دارایی ناودەبەن.
لویس کاپلان بەر لە چوون بۆ دادگەکە گوتی، "ئەو [بانکمان] دەیزانی کە هەڵە بووە؛ دەشیزانی کە تاوانبارە. ئەو لەوە پەشیمانە کە گرەوێکی زۆر خراپی کردووە لەبارەی ئەگەری ئاشکرابوونیەوە، بەڵام وەک بڵێی مافی خۆی بێت، دان بە یەک شتیشدا نانێت!".
سام بانکمان فراید لە ماوەی 20 خولەکی قسەکردنی لە دادگە دانی بەوەدا ناوە کە بەشداربووانی سەکۆ مایەپووچبووەکەی ناڕەحەتییان بینیوە، پێشنیازیشی کردووە داوای لێبوردن لە هاوکارانی پێشووی لە سەکۆکە بکات، بەڵام دانی بەوەدا نەنا کە هیچ تاوانێکی کردبێت.
'پاشای دراوە دیجیتاڵییەکان' بڕیاریشی داوە تانە لە بڕیارەکەی دادگە بدات.
سام بانکمان دەرچووی پەیمانگەی تەکنەلۆژیای ویلایەتی ماساچوسێتسە و بەر لە تەمەنی 30 ساڵی بووەتە ملیاردێر، ئەوەش کاتێک لە ساڵی 2019ـدا بە هاوبەشی سەکۆی دراوە دیجیتاڵییەکانی FTXـی دامەزراند و کردیە دووەمین گەورەترین سەکۆ لەسەر ئاستی جیهاندا.
لە 11ـی نۆڤەمبەری ساڵی رابردوودا، ئیمپراتۆرییەتە دیجیتاڵییەکەی بانکمان هەرەسی هێنا و مایەپووچبوونی راگەیاند، ئەوەش دوای ئاشکرابوونی چەند ساختەکارییەک و تۆمەتبارکردنی بەوەی پارەی وەبەرهێنەرانی لەگەڵ سەرمایەی تایبەتی خۆی تێکەڵکردووە.
رۆژی 12ـی کانوونی یەکەمی ساڵی 2022، بانکمان لەلایەن حکومەتی وڵاتی 'بەهاماس'ـەوە کە شوێنی دامەزراندنی سەکۆیەکە بوو دەستگیرکرا و هەشت تۆمەتی شوشتنەوەی پارە و ساختەکاری بە پارەی وبەرهێنەرانی خرایە پاڵ. 21ـی هەمان مانگیش رادەستی حکومەتی ئەمریکا کرا.