پەرلەمانی هەنگاریا داواکاریی فینلاند بۆ ئەندامبوون لە ناتۆ پەسند دەکات

رووداو - هەولێر

پەرلەمانی هەنگاریا بەزۆرینەی دەنگ داواکاری فینلاندی بۆ ئەندامبوومی لە رێکخراوی ناتۆ پەسند کرد.
 
پەرلەمانی هەنگاریا، رۆژی دووشەممە، 27 ئازاری 2023 لەبارەی داواکاری فینلاند بوو ئەندامبوونی لە ناتۆ کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا بە 182 دەنگی بەڵێ و 6 دەنگی نەخێر داواکارییەکە پەسند کرد.
 
سانا مارین، سەرۆکوەزیرانی فینلاند، دوای پەسندکردنی داواکەی فینلاند لەلایەن پەرلەمانی هەنگاریاوە، لە تویتێکدا نووسی: "سوپاس هەنگاریا بۆ بڕیارەکە". 
 
لە مانگی نیسانی ساڵی رابردوو، دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، فینلاند و سوێد بەیەکەوە داواکاریان پێشکەش بە رێکخراوی ناتۆ کرد بۆ ئەندامبوون لە رێکخراوەکە.
 
ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا، لە تشرینی دووەم، لە کۆبوونەوەی لووتکەی سەرۆکوەزیرانەکانی نێوەڕاستی ئەوروپا، رایگەیاندبوو کە ئەوان داواکاری فینلاند و سوێد پەسند دەکەن.
 
هەنگاریا لە لایەن بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا بەوە تۆمەتباردەکرا کە پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا هەیە. هەروەها لەلایەن پەرلەمانی ئەوروپا بەوە تۆمەتبارکراوە کە دژی میدیای ئازادە و مافی هاوڕەگەزخوازان پێشێل دەکات، ئەوانەش وایکردبوو کە هەنگاریا درەنگتر وەڵامی داواکاریی دوو وڵاتەکەی ئەسکەندەنافیا بداتەوە.
 
گارلی گولەیس، سکرتێری رۆژنامەڤانی سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا، هەفتەی رابردوو بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندبوو، چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی چەند دانیشتنی داهاتووی پەرلەماندا، داواکاری سوێد بۆ ئەندامبوونی لە رێکخراوی ناتۆ پەسند بکەن. 
 
رێکخراوی ناتۆ لە 30 وڵاتی ئەندام پێکدێت، هەر وڵاتێك بیەوێت ببێتە ئەندامی رێکخراوەکە، دەبێت رەزامەندیی هەر 30 وڵاتەکە بەدەستبێنێت.
 
تورکیاش وەکو یەکێک لە ئەندامی رێکخراوەکە پێشتر رایگەیاند کە ئامادەن داواکاری فینلاند و سوێد بۆ بوونە ئەندامی رێکخراوەکە پەسەند بکەن بەو مەرجەی هەردوو وڵاتەکە بە تایبەتی سوێد ژمارەیەک داواکراویان رادەست بکەنەوە، بەڵام سوێد نەچووە ژێرباری داواکارییەکەی تورکیا. بۆیە رەجەب تەیب ئەردۆغان، تەنیا بە ئەندامبوونی فینلاند لە ناتۆ رازی بووە.