نەرویج دوو خوشک و سێ منداڵ لە رۆژئاوای کوردستانەوە دەگەڕێنێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

نەرویج رایگەیاند، دوو خوشک لەگەڵ سێ منداڵیان لە کەمپی رۆژی سووریا (رۆژئاوای کوردستان)ەوە دەگەڕێندرێنەوە وڵاتەکەیان بۆئەوەی لە بارودۆخی خراپی نێو کەمپەکان رزگاریان ببێت.
 
ئانیکن ڤیتفێلد، وەزیری دەرەوەی نەرویج لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "ژیان لەو کەمپانەدا لەڕادەبەدەر خراپ و مەترسیدارە. ئەو منداڵە نەرویجیانە ماوەیەکی زۆرە لەو کەمپانەدا ژیاون، کە نابێت هیچ منداڵێک تێیاندا بژی."
 
دوو خوشکەکە بە رەچەڵەک سۆماڵین و لە کۆتایی ساڵی 2013، کە ئەوکات یەکێکیان 16 ساڵان و ئەوەی دیکەش 19 ساڵان بوو، بە نهێنی چوون بۆ سووریا بۆئەوەی بچنە نێو خۆپێشاندانەکانی دژی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا.
 
ئاسنێ سایێشتا، نووسەری نەرویجی پەرتووکێکی لەسەر ئەزموونی ئەو دوو خوشکە نووسیوە. دوو خوشکەکە ئێستا تەمەنیان 25 و 29 ساڵن. بەگوێرەی میدیای نەرویجی، سێ منداڵیان هەیە کە لە چەکدارەکانی پێشووی داعشن.
 
بڕیارە هەر پێنج کەسەکە لە کەمپی رۆژی شارۆچکەی دێرکی هەرێمی جزیرێی رۆژئاوای کوردستانەوە بگەڕێندرێنەوە نەرویج.
 
ڤیتفێڵد ئاماژە بەوەش دەکات، "دوو ژنەکە خۆیان داوای یارمەتییان کرد بۆئەوەی لەگەڵ منداڵەکانیان بگەڕێندرێنەوە. ئەوان دەشزانن لەگەڵ گەیشتنەوەیان بە نەرویج، دەستگیر دەکرێن."
 
لە نەرویج گفتوگۆیەکی زۆر لەبارەی دوو خوشکەکە کراوە، لە کاتێکدا لە وڵاتانی دیکەی ئەوروپاش دۆسیەی هاوشێوە بۆ چەندین گەنج کراوەتەوە کە چوونەتە سووریا و ئێستا گەڕاونەتەوە یان دەیانەوێت بگەڕێنەوە.
 
یەکێک لەوانە، شەمیمە بێگومە، کە تەمەنی 23 ساڵە و وڵاتینامەی بەریتانیای لێ سەندراوەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی مانگی رابردوو دۆسیەکەی دۆڕاند.
 
ڤیتفێڵد ئەوەشی خستووەتەڕوو کە ئەمریکا، نەتەوە یەکگرتووەکان و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر یارمەتییان پێشكێش کردووە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو ژن و منداڵانە.
 
نەرویج لە ساڵی 2020 ژنێکی لە سووریا گەڕاندەوە کە پەیوەندیی بە داعشەوە هەبوو و یەکێک لە منداڵەکانی تووشی نەخۆشییەکی سەخت ببوو.