ڤیدیۆ.. ئۆتۆمبێلێک دەتوانی لەسەر زەوی و لە ئاسمانیش هاتووچۆی پێ بکەیت
رووداو دیجیتاڵ
ئەوەی لە ڤیدیۆکەدا دەیبینن، نموونەی ئۆتۆمبێلێکی داهاتووە. لەسەر زەوی، بەسەر دەریا و شاخیشدا دەڕوات، چونکە دەتوانێت بفڕێت.
ئەو ئۆتۆمبێلە فڕیوە لەلایەن کۆمپانیای ئەڵفی ئەمریکییەوە دروستکراوە و لە کۆنگرەی جیهانیی مۆبایل لە بارسێلۆنا خرایەڕوو.
کۆنستانتین کیسلی، بەڕێوەبەری تەکنەلۆجی لە کۆمپانیای ئەڵف دەڵێت، "ئەمە بەڕاستی ئۆتۆمبێلێکی فڕیوی هاوشێوەی ئەوانەیە کە لە ئەندێشەی زانستیدا هەن. بێگومان ئەندێشەی زانستی شتێکی خۆشە. ئەمە بیرۆکەی خۆمانە، بەرهەمی خۆمانە، لەسەر زەوی لێ دەخوڕدرێت و دەشفڕێت."
کۆمپانیاکە دوو نموونەی لێ دروستکردووە، دوو کەس هەڵدەگرێت.
ئامانجی کۆمپانیاکە ئەوەیە، بە پاتریێکی پڕەوە، 300 کیلۆمەتر لەسەر زەوی بە تایەکانی بڕوات و 300 کیلۆمەتریش لە ئاسمانەوە بە پەروانە داپۆشراوەکانی بفڕێت.
کۆمپانیای ئەڵف پێشبینی دەکات سەرەتا نرخی هەر دانەیەک لەو ئۆتۆمبێلە فڕیوانە 300 هەزار دۆلار بێت و دواتر لەگەڵ زیادبوونیان لە بازاڕ، نرخیان دابەزێت.
هەروەها چاوی لەوەیە لە کۆتایی ساڵی 2025 یاسا و رێساکان مۆڵەت بە بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی فڕیو بدەن بۆ ئەوەی دەست بە بەرهەمهێنانی بەکۆمەڵیان بکەن.
ئەڵف یەکێکە لە ژمارەیەک کۆمپانیای سەرانسەری جیهان کە دەیانەوێت ئۆتۆمبێل و تاکسی فڕیو دروستبکەن بۆ ئەوەی قەرەباڵخیی رێگەکان کەمبکەنەوە.