ماکرۆن ژمارەی سەربازانی فەرەنسا لە ئەفریقا "بەشێوەیەکی بەرچاو" کەمدەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆککۆماری فەرەنسا رایگەیاند ژمارەی سەربازانی وڵاتەکەی لە ئەفریقا کەمدەکاتەوە و بنکەکانیشیان دەکرێنە بنکەی هاوبەش لەگەڵ سەربازانی ئەفریقا.
 
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا رۆژی دووشەممە (27-2-2023) پێش بەڕێکەوتنی بۆ سەردانێکی فەرمی بۆ کیشوەری ئەفریقا رایگەیاند، ژمارەی سەربازانی وڵاتەکەی لە ئەفریقا "بەشێوەیەکی بەرچاو" کەمدەکاتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە، لە بەشێک لەو وڵاتانەی پێشتر لەلایەن فەرەنساوە داگیرکرابوون، هەستی دژایەتیکردنی فەرەنسا لە زیادبوونی بەردەوامدایە.
 
ماکرۆن رۆژی چوارشەممە دەست بە گەشتەکەی دەکات کە تێیدا سەردانی چوار وڵاتی نێوەڕاستی ئەفریقا دەکات. ئەم گەشتەش لەکاتێکدایە فەرەنسا دەیەوێت رووبەڕووی زیادبوونی هەژموونی چین و رووسیا لەو کیشوەرەدا بێتەوە. 
 
ماکرۆن سەرەتا دەچێتە گابۆن بۆ بەشداریکردن لە لووتکەیەک لە بارەی ژینگە، دواتریش ئەنگۆلا، کۆماری کۆنگۆ و پاشانیش کۆنگۆ-برازاڤیل و لە کۆتاییشدا کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ. 
 
لە ماوەی رابردوودا، ناکۆکی لەنێوان پاریس و بەرپرسانی سەربازیی وڵاتانی مالی و بۆرکینا فاسۆدا دروستبوو و فەرەنسا ناچاربوو دوای چەندین ساڵ مانەوە لەو وڵاتانە، هێزەکانی خۆی بکشێنێتەوە. فەرەنسا دەڵێت، هێزەکانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گرووپە پەڕگیرەکان لەو وڵاتانە بوون.
  
فەرەنسا بۆ ماوەی دەیەیەک لە پێشەوەی بەرەکانی رووبەڕووبوونەوەی گرووپە ئیسلامییە پەڕگیرەکانی ساحیل بوو. ئێستا سێ هەزار سەربازی لە ئەفریقا ماوە، لەکاتێکدا بەرلە دوو ساڵ ژمارەی سەربازەکانی زیاتر لە پێنج هەزار بوو.
 
ماکرۆن رەتیکردەوە ئەم کارە بە کشانەوە ناوببات، بەڵکو گوتی ئەمە "رێکخستنەوە"ـی سوپای فەرەنسایە. گوتیشی: "گۆڕانکارییەکە لە چەند مانگی داهاتوودا روودەدات و ژمارەی سەربازەکانمان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمدەکرێتەوە". سەرۆککۆماری فەرەنسا جەختیش دەکاتەوە لەوەی "ئێمە دەمێنینەوە بەڵام بە شوێنپێی کەمترەوە".
 
بەگوتەی ماکرۆن هێزەکانی فەرەنسا لەمەودوا "راهێنانی زیاتر و چەکی زیاتر" بە سەربازە خۆجێیەکانی ئەو وڵاتانە دەدەن. ئاماژەی بەوەشکرد، بەشێک لە بنکە سەربازییەکان دەکرێنە ئەکادیمیای سەربازی و هەندێکی دیکەشیان دەبنە بنکەی هاوبەش کە سەربازی زیاتری ئەفریقیی تێدا جێگیردەکرێن.