هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی فینلاند دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
لە فینلاند هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بەڕێوەدەچێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی وڵاتەکە، پۆستێک کە دوای زیادبوونی گرژییەکان لەگەڵ رووسیای دراوسێ، گرنگییەکەی زیادیکردووە.
هەرچەندە دەسەڵاتەکانی سنووردارن، سەرۆکی فینلاند کە هاوکات فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی وڵاتیشە، بە پێکەوە کارکردن لەگەڵ حکومەت، یارمەتیی هەڵسوڕاندنی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی دەدات، واتە ئەو بەربژێرەی کە ئەم هەڵبژاردنە دەباتەوە، یەکێک لە کارە هەرە سەرەکییەکانی بریتی دەبێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئاسۆی جیۆسیاسیی ئەوروپا کە لە گۆڕاندایە.
نۆ کەس بۆ پۆستەکە بەربژێرن. دوو سیاسەتڤانی باڵا، لە ریزی پێشەوەیان دێن. ئەلێکساندەر ستوب، سەرۆکوەزیرانی پێشووی نەریتخواز و پێکا هاڤیستۆ وەزیری پێشووی دەرەوەی فینلاند، کە سەر بە پارتی سەوزە و وەکو بەربژێرێکی سەربەخۆ بەشداری کێبڕکێکەیە.
لەدوای ئەوان، جوسی هالا ئاهۆ، بەربژێری پارتی راستڕۆی فینلاندییەکان دێت، کە پێشبینی دەکرێت بتوانێت خۆی بگەیێنێتە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکە.
دەنگدان کاژێر 09:00ی بەیانی بەکاتی نێوخۆ (10:00ی بەیانی بەکاتی هەولێر) دەستیپێکرد کاژێر 08:00ی شەو بەکاتی نێوخۆ (09:00ی شەو بەکاتی هەولێر) کۆتایی دێت.
پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و هێلسنکی دوای لەشکرکێشییەکەی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا لە ساڵی 2022 تێکچوون، ئەمەش وایکرد فینلاند دەستبەرداری بێلایەنبوونی سەربازیی دەیان ساڵی خۆی بێت و لە مانگی نیسانی 2023ـدا چووە نێو ناتۆ.
رووسیا کە سنوورێکی هەزار و 340 کیلۆمەتریی لەگەڵ فینلاند هەیە، هەر زوو هۆشداریی لە "هەنگاوی دژبەر" دا.
سەربەخۆ و هاوپەیمان
چەند مانگێک دواتر، لە مانگی ئابی 2023، فینلاند لێشاوێکی کۆچبەرانی لە سنووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکەیەوە بەخۆیەوە بینی.
هێلسینکی، مۆسکۆی تۆمەتبارکرد بەوەی کە وەک هێرشێک، پاڵ بەو کۆچبەرانەوە دەنێت بۆ ئەوەی سەقامگیریی فینلاند تێکبدات.
تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، کار گەیشتە ئەوەی فینلاند سنووری رۆژهەڵاتی خاکەکەی دابخات.
ئێوارەی پێنجشەممە، لە دیبەیتی کۆتایی تەلەفزیۆنیدا، ستوب گوتی: "ئێمە ئێستا لە دۆخێکداین کە رووسیا و بەتایبەتی ڤیلادمیر پووتین مرۆڤ وەک چەک بەکاردەهێنێت."
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد "ئەوە پرسی کۆچبەرانە، هەنگاوێکی دڕندانە و دوژمنکارانەیە. لەم دۆخەدا دەبێت ئاساییشی فینلاند لە پێش هەموو شتێکەوە دابنێین."
هاڤیستۆی رکابەری سەرەکی جەختی لەوە کردەوە، فینلاند دەبێت "پەیامێکی زۆر روون بە رووسیا بدات بەوەی کە ناکرێت ئەم شتە بەردەوام بێت".
لە قۆناخی دوای جەنگی سارددا هێلسنکی پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ مۆسکۆدا هەبوو.
ساولی نینیستۆ، سەرۆکی ئێستای فینلاند، کە دوای دوو خولی شەش ساڵە دەست لەکاردەکێشێتەوە، جاران شانازی بەوەوە دەکرد کە پەیوەندیێکی باشی لەگەڵ پووتین هەبوو، بەڵام دواتر بووە یەکێک لە رەخنەگرە هەرە سەرسەختەکانی.
هانا واس، جێگری راگری فاکەڵتیی زانستە کۆمەڵایەتییەکان لە زانکۆی هێلسنکی دەڵێت، لە بەرامبەر ئەم پاشەکشەیەی لە پەیوەندییەکاندا لەگەڵ رووسیا دروستبووە، هەموو بەربژێرەکان جەخت لە سەربەخۆیی فینلاند و گرنگیی رۆڵەکەی وەک ئەندامێکی نوێی ناتۆ دەکەنەوە.
واس دەڵێت: "پێدەچێت هەموویان بەهێزەوە جەخت لە خۆبژێوی بکەنەوە، بەو پێیەی لە داهاتوودا فینلاند دەبێت سەربەخۆیانە بەرپرسی بەرگریی خۆی بێت و هەروەها بەشدارێکی چالاک بێت لە بونیادنانی بەرگریی هاوبەشی ئەوروپا".
لەبەر ئەوەی هەڵوێستەکان هاوشێوەن، خاڵە جیاکەرەوەکانی هەڵبژاردنەکە زیاتر لەسەر کەسایەتیی بەربژێرەکان دەمێننەوە، ئەمە وەک تۆماس فۆرسبێرگ، مامۆستای سیاسەتی دەرەوە لە زانکۆی تامپێرێ باسی دەکات.
فۆرسبێرگ دەڵێت: "ئەمە زیاتر بریتییە لە هەڵبژاردنی تاکێک، کە تێیدا سەیری متمانە و راست و دروستیی کەسەکە و تایبەتنمەندییە هەستپێکراوەکانی وەک سەرکردەیەکی سیاسەتی دەرەوە دەکرێت".
روانگەی هاوشێوە
راپرسییەک کە لەلایەن میدیای فەرمیی وڵاتەکەوە بڵاوکراوەتەوە، دەریدەخات کە ستۆب لە گەڕی یەکەمدا بە 27%ی دەنگەکان لە پێشەنگدا دەبێت، هاڤیستۆ بە 23% و هالا ئاهۆ بە 18%ی دەنگەکان لە پلەی دووەم و سێیەمدا دێن.
ستۆب لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2015 سەرۆکوەزیرانی فینلاند بووە، لە بەرامبەردا پێکا هاڤیستۆ چەندین پۆستی وەزاری وەرگرتووە.
واس دەڵێت، "هەردووکیان ئەزموونێکی فراوانیان هەیە لە سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەدا، کە پێدەچێت دەنگدەران زۆرترین گرنگییان پێبدەن".
فۆرسبێرگ ئاماژەی بەوەشکردووە، لەکاتێکدا هاڤیستۆ و ستۆب بۆچوونی سیاسی هاوشێوەیان هەیە، پێشینەیان جیاوازە.
گوتیشی، "پێشینە و بەهاکانیان جیاواز سەیر دەکرێن، چونکە ئەلێکس زیاتر نوێنەری راستڕۆ و هاڤیستۆ نوێنەری چەپەکانە."
فۆرسبێرگ گوتیشی: "وێڕای ئەوەی هاڤیستۆ هەوڵیداوە هێما بۆ ئەوە بکات کە هیچ شتێکی سوور لەبارەیەوە نییە، کە وەک سەوزێک رێگای ناوەڕاستی گرتووەتەبەر.
ئەگەر هیچ بەربژێرێک زیاتر لە 50٪ی دەنگەکانی بەدەستنەهێنا، گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکە لە 11ی شوبات لە نێوان دوو براوەی زۆرترین دەنگدا دەکرێت.