سیئۆل: کۆریای باکوور ژمارەیەک مووشەکی بالیستی هاوێشت
رووداو دیجیتاڵ
سوپای کۆریای باشوور رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە 28ی کانوونی دووەمی 2024 کۆریای باکوور ژمارەیەک مووشەکی کرووزی هاوێشتووە.
هاوێشتنی ئەو مووشەکانە چەند رۆژێک دوای ئەوە دێت کە پیۆنگیانگ ژمارەیەک مووشەکی دیکەی کرووزی بە ئاراستەی دەریای زەرد هاوێشت، کە دەکەوێتە نێوان چین و نیمچەدوورگەی کۆریا.
کۆریای باکوور رایگەیاندبوو، نەوەیەکی نوێی مووشەکی کرووزی ستراتیژیی تاقیکردووەتەوە.
پیۆنگیانگ لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاقیکردنەوەی چەکەکانی زیادکردووە، لەنێویدا تاقیکردنەوەی "چەکێکی ئەتۆمیی ژێر دەریا" و مووشەکێکی هایپەرسۆنیکی بالیستی.
سوپاسالاری کۆریای باشوور لەبارەی مووشەکەکانی ئەمڕۆوە رایگەیاند، "سوپاکەمان ژمارەیەک مووشەکی کرووزی نەناسراویان دۆزییەوە، کە لە نزیک سنوورە ئاوییەکانی دەوروبەری ناوچەی سینپۆی کۆریای باکوورەوە هاوێژرابوون."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، مووشەکەکان کاژێر 8:00ی بەیانی بە کاتی نێوخۆ (2:00ی بەیانی بەکاتی هەولێر) هاوێژراون.
سوپاسالاری کۆریای باشوور باس لەوە دەکات، هەواڵگریی وڵاتەکەیان و ئەمریکا لێکۆڵینەوە لە هاوێشتنی ئەو مووشەکانە دەکەن و "لە نزیکەوە چاودێریی جموجووڵ و چالاکییەکانی دیکەی کۆریای باکوور دەکەن."
پێچەوانەی مووشەکە بالیستییەکان، تاقیکردنەوەی مووشەکی کرووز لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە پیۆنگیانگ قەدەخە نەکراوە.
مووشەکە کرووزەکان لە بەرزاییەکی کەمتر بەراورد بە بالیستییەکان ئاراستە دەکرێن و دەهاوێژرێن، بۆیە دۆزینەوە و بەرپەرچدانەوەیان زەحمەتترە.