خوشکەکەی کیم جۆنگ ئون: جیهان زۆر گەشتر، پارێزراوتر و بێدەنگتر دەبوو ئەگەر ئەمریکا نەبووایە
رووداو دیجیتاڵ
کۆریای باکوور سەرکۆنەی ئەمریکا دەکات لەسەر بڕیاری ناردنی تانک بۆ ئۆکراینا و دەڵێت، ئەو رەفتارانەی ئەمریکا بووەتە هۆکاری زیاتر فراوانبوون و گەرمبوونی جەنگی ئۆکراینا.
شەوی هەینی، 27-1-2022، کیم یۆ جۆنگ، خوشکی کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور لە راگەیێندراوێکدا لۆمەی ئەمریکای کرد بۆ نانەوەی پشێویی زیاتر لە ئۆکراینا، تۆمەتباری کرد و گوتی، "ئەمریکا تادێت زیاتر هێڵی سوور دەبەزێنێت".
رۆژی چوارشەممەی رابردوو جۆ بایدن بەڵێنی دا 31 تانکی ئابرامز بۆ ئۆکراینا بنێرێت، تاوەکو رووبەڕووی هێرشەکانی رووسیا ببێتەوە. تانکی ئابرامز یەکێکە لە چەکە هەرە پێشکەوتوو و پتەوەکانی هێزی ئەمریکا.
یۆ جونگ لە بەشێکی پەیامەکەیدا کە ئاراستەی ئەمریکای کردووە دەڵێت: "ئەمریکا لە پشت ئەم بابەتەوە خۆی مەڵاسداوە تاوەکو بەو بیرە خراپەی کە هەیەتی دەستی بگات بە ئامانجە خۆسەپێنییەکەی و بە زیاتر فراوانکردنی جەنگەکە، رووسیا تێکبشکێنێت".
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکە خوشکەکەی سەرۆکی کۆریای باکوور دەڵێت: "ئەمریکا تاوانباری سەرەکییە. جیهان زۆر گەشتر، پارێزراوتر و بێدەنگتر دەبوو ئەگەر ئەمریکا نەبووایە".
لە دوای رووسیا و سووریاوە، کۆریای باکوور تەنیا وڵاتە کە وەکو هاوپەیمانێکی رووسیا دانی بە سەربەخۆیی لوهانسک و دۆنێتسک لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا نابێت. خوشکەکەی کیم جۆنگ ئون روو لە بەرپرسانی ئەمریکا دەکات و دەڵێت، پیۆنگیانگ "هەمیشە لە هەمان سەنگەری سەربازانی رووسیا و خەڵکی رووسیادا دەمێنێتەوە".
رووسیا لە بەرامبەر هاریکاریی و هاوئاهەنگییەکانی کۆریای باکوور، لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان، کە یەکێکە لە 5 ئەندامە هەمیشەییەکەی و مافی ڤیتۆی هەیە، لە دژی گوشارخستنە سەر پیۆنگیانگ دەوەستێتەوە و داواش دەکات سزای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەکانی سەر کۆریا لاببرێن.
کیم جۆن ئونگ بەردەوام هەوڵیداوە کۆریای باکوور وەک وڵاتێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی و مووشەکی بەهێز نیشانبدات. تەنیا لە ساڵی رابردوودا زیاتر لە 270 تاقیکردنەوەی مووشەکی ئەنجام داوە، کە یەکێکیان پێشکەوتووترین مووشەکی کیشوەربڕ بوو.