فوئاد ئۆکتای: بەهۆی ئاستەنگیی سوێد، چالاکییەکانی مانگی سووری کوردی راگیران
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێتیی سوێد لە هاوپەیمانیی ناتۆ لەلایەن لێژنەی کاروباری دەرەوەی پەرلەمانی تورکیا پەسندکرا. فوئاد ئۆکتای، سەرۆکی لیژنەکە هەنگاوەکانی حکومەتی ستۆکهۆڵمی لە رێگریکردن لە چالاکییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە بە گرنگ ناوبرد، بەڵام جەختیکردەوە کە هێشتا ئەنجامی چاوەڕوانکراو نابینن.
لە دووەمین کۆبوونەوەی تایبەت بە ئەندامێتیی سوێد لە هاوپەیمانیی ناتۆ، ئێوارەی سێشەممە، 26-12-2023، لیژنەی کاروباری دەرەوەی پەرلەمانی تورکیا ئەندامبوونی ئەو وڵاتەیان لە ناتۆ پەسندکرد.
هەریەک لە پەرلەمانتارانی ئاکپارتی، جەهەپە و مەهەپە دەنگی 'بەڵێ'یان بە بریارەکە دا. لە بەرامبەردا ئیی پارتی و سەعادەت دەنگی نەخێریان بە ئەندامبوونی سوێد دا. بەڵام دەم پارتی دەنگی نەدا. چونکە جەیلان ئاکچا جوپۆڵو، پەرلەمانتاری دەم پارتی کە ئەندامی لیژنەی کاروباری دەرەوەی پەرلەمانی تورکیایە، بەر لە دەنگدانەکە بەهۆی مشتومڕەوە کۆبوونەوەکەی جێهێشت.
بەشێک لە پەرلەمانتاران داوای بەڵێننامەی حکومەتی سوێدیان لەبارەی نیگەرانییەکانی تورکیا کرد و بڕیاریش درا درێژە بە دیالۆگ بدرێت.
فوئاد ئۆکتای، سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوەی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، "دروستکردنی ئاستەنگ لەبەردەم پێکهاتەی مانگی سووری کوردی کە سەرمایە بۆ رێکخراوی تیرۆریستی کۆدەکاتەوە، پێشهاتێکی ئەرێنییە و چالاکییەکانیان لە سوێد وەستێندراوە، بەڵام جێبەجێکردنی گۆڕانکارییەکانی سوێد لە یاسا و دەستووری خۆیدا، ماوەیەکی زۆری خایاند. هەروەها ئەنجامی چاوەڕوانکراو و بەرجەستە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر نابینین."
دوای ئەوەی هەریەک لە پەرلەمانتارانی ئەندام لە لیژنەکە بۆچوونی خۆیان دەربڕی، ئەندامێتیی سوێد لە ناتۆ خرایە دەنگدان و پەسندکرا. بە گوێرەی رێکارەکانی پەرلەمان، لە هەنگاوی داهاتوودا بابەتی ئەندامێتیی سوێد لە ناتۆ، بەرزدەکرێتەوە بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان و بریاری کۆتایی لەسەر دەدرێت.
رۆژی 28-6-2022 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و ساولی نینیستۆ، سەرۆکی فینلاند و ماگدالینا ئەندەرسۆن، سەرۆکوەزیرانی سوێد و یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا لەسەر داواکاریی بە ئەندامبوونی سوێد و فینلاند کۆبوونەوە. لایەنەکان لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتن. لە کۆبوونەوەکەدا تورکیا بە مەرج، هەڵوێستی ئەرێنیی بەرامبەر بە ئەندامبوونی ئەو دوو وڵاتە لە ناتۆ نیشاندا.
دوای کەمتر لە ساڵێک لە داواکارییەکەی، نیسانی 2023 ئاڵای فینلاند لە بارەگای هاوپەیمانیی ناتۆ هەڵکرا و ئەو وڵاتە بووە 31ـەمین ئەندامی هاوپەیمانێتییەکە.