موسڵمانانی رۆهینگیا هەوڵی گەیشتن بە ئیندۆنیزیا و مالیزیا دەدەن


رووداو دیجیتاڵ 

موسڵمانێكی رۆهینگیا لە هەرێمی راخینی باکووری مینامار هەڵاتووە، دوای 30 رۆژ رۆشتن بە بەلەم، بەبێ خواردن و خواردنەوەی پێویست گەیشتووەتە هەرێمی ئاچەی ئیندۆنیزیا لە باشووری ئاسیا، بەڵام تەندروستی جێگیر نییە.
 
دێسی ئاپریانا، پزیشکێکە و دەڵێت: "لە هەموویاندا سێ کەسیان دۆخیان زۆر خراپە، بەڵام زۆربەیان تووشی وشکبوونەوە بوون. هۆی لاوازییەکەیان ئەوەیە. بەشێکیان تووشی سک ئێشە بوون، بەڵام زۆربەیان تەنیا کێشەیان وشکبوونەوەیە." 
 
بەشێک لەو خەڵکە لە بەنگلادیشەوە بە نێو دەریای ئاندامانی زەریای هیندیدا بۆ گەیشتن بە ژیانێکی شایستە خۆیان گەیاندووەتە ئیندۆنیزیا. لە بنەڕەتدا هەڵاتووی تووندوتیژییەکەی ساڵی 2017ی هەرێمی راخینی میانمارن کە بووە هۆی کۆچکردنی نزیکەی یەک ملیۆن هاووڵاتی موسڵمانی ئەو وڵاتە بۆ بەنگلادیش. 
 
بەشێکیان ئامانجیان گەیشتنە بە مالیزیا. موحەممەد فارس، پەناخوازی رۆهینگیایە و دەڵێت: ئێمە پەنابەری رۆهینگیاین. لە بەنگلادیشەوە هاتووین و دەچین بۆ مالیزیا. 
 
ژمارەی دانیشتووانی میانمار 54 ملیۆن و 810 هەزار کەسە، 2.3٪یان موسڵمانن. بەڵام ئەو پێکهاتەیە لە 25ی ئابی 2017دا رووبەڕووی تووندوتیژییەکی لە رادەبەر بوونەوە.
 
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تۆمەتەکەی دەداتە پاڵ حکومەتی بوزایی وڵاتەکە، بەڵام حکومەت هۆکارەکەی بۆ گرووپێکی تیرۆریست بە ناوی سوپای رزگارکەری ئاراکانی رۆهینگیا دەگەڕێنێتەوە. 
 
سولەیمی، گوتەبێژی ئیدارەی ئاچە بیسار دەڵێت: "بە گوتەی خۆیان، نزیکەی مانگێک لە دەریادا بوون. خەڵکی میانمارن." 
 
موسڵمانانی بۆرما یان میانمار، تائێستا نیو ملیۆنیان لە کامپێکی سەر سنووری بەنگلادیشدا ماونەتەوە. هەرچەندە حکومەتی میانمار بانگەشەی گەڕانەوەیان بۆ نێو ئەو وڵاتە دەکات، بەڵام دوای 5 ساڵ لە رووداوەکە رۆهینگیاکان ئەوە رەتدەکەنەوە، چونکە وەک خۆیان دەڵێن، لە بۆرما مەترسی لەسەر ژیان و ئاسایشیان هەیە.