ئاسمانی پایتەختی بەرازیل بەهۆی ئاگری دارستانەکان بە دووکەڵ داپۆشراوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەهۆی ئاگری دارستانەکان، ماوەی دوو رۆژە ئاسمانی شاری بەرازیلیای پایتەختی بەرازیل بە دووکەڵ داپۆشراوە. 
 
نێوەڕاستی بەرازیل دوایین ناوچەی وڵاتەکەیە کە دووکەڵی ئاگری دارستانەکانی ئەمازۆن، سێرادۆ، پانتانال و ویلایەتی ساوپاولۆیان پێ بگات. 
 
دامودەزگا ژینگەییەکانی بەرازیل دەڵێن، کوالیتیی هەوای شاری بەرازیلیا لە دوو رۆژی رابردوودا گەیشتووەتە ئاستێکی زۆر ناتەندروست و لە ساڵی 2007ـەوە، ئەمە یەکەمجارە دووکەڵەکە بەمشێوەیە لە شارەکاندا چڕبێتەوە. 
 
بەهۆی دووکەڵەکەوە، ئەو چالاکییانەی لە دەرەوە و شوێنی کراوەدا دەکرێن، هەڵوەشێنرانەوە و فڕۆکەخانەی شاری گوایانای دراوسێی بەرازیلیا بۆ چەند کاژێرێک داخرا. 
 
لێکۆلینڤانان دەڵێن، گۆڕانی کەشوهەوا هۆکاری سەرەکیی گەیشتنی دووکەڵەکەیە بە ناوچەکانی وەک ساوپاولۆ و بەرازیلیا.