پۆڵەندا بە بەهای 5.8 ملیار دۆلار کەرەستەی سەربازی لە کۆریای باشوور دەکڕێت
رووداو-هەولێر
پۆڵەندا بۆ کڕینی کەرەستەی سەربازی بە بەهای 5.8 ملیار دۆلار، گرێبەستێک لەگەڵ کۆریای باشوور واژۆدەکات.
رۆژی هەینی 26ـی ئابی 2022 هەریەکە لە ماریوش بلاشچاک، وەزیری بەرگریی پۆڵەند و یۆم دۆنگ هوان، وەزیری بەرگریی کۆریای باشوور لە بنکەیەکی سەربازیی پۆڵەندا لە شاری مۆراگی باکووری وڵاتەکە، کە هاوسنوورە لەگەڵ هەرێمی دابڕاوی کالینینگرادی رووسیا، رێککەوتنێکیان واژۆکرد.
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، پۆڵەندا بە بەهای پێنج ملیار و 800 هەزار دۆلار تانکی جۆری k2 و تۆپهاوێژی هاویتزەر و چەک و تەقەمەنیی دیکە لە کۆریای باشوور دەکڕێت.
هەروەها چاوەڕوان دەکرێت لە مانگی تشرینی یەکەمدا ژمارەیەک سەربازی پۆڵەندی بچنە کۆریای باشوور بۆ ئەوەی راهێنان لەسەر چۆنییەتی کارپێکردنی تانکی کۆری وەربگرن.
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، پۆڵەندا 180 تانکی k2ـی دروستکراوی کۆمپانیای هیوندای رۆتەمی کۆری بە بەهای 3.4 ملیار دۆلار دەکڕێت؛ هاوکات 212 تۆپهاوێژی هاویتزەری k9 بە بەهای 2.4 ملیار دۆلار دەکڕێت. چاوەڕوان دەکرێت هەموو ئەوانەش تا کۆتایی ساڵی 2025 بگەنە دەستی پۆڵەندا.
پۆڵەندا لە پلانیدایە هەر ئەمساڵ رێککەوتنێکی دیکە بۆ کڕینی 12 فڕۆکەی FA-50 ـی کۆری واژۆ بکات.
ئەوەش لەکاتێکدایە، دوای ئەوەی رووسیا لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا هێرشی کردە سەر ئۆکراینا، پۆڵەندا دەستیکرد بە بەهێزکردنی هێزی بەرگرییەکەی. هاوکات، هاوشانی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا و ئەمریکا، پۆڵەندا بەشداربووە لە ناردنی کەرەستەی سەربازی بۆ ئۆکراینا.