لە ئەمریکا لوبنانییەک بە تۆمەتی پشتیوانیکردنی حیزبوڵڵا دادگایی دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
هاووڵاتییەکی لوبنانی بە تۆمەتی دابینکردنی پشتیوانیی دارایی بۆ حیزبوڵڵای لوبنانی لە رۆمانیاوە رادەستی ئەمریکا کرایەوە و بڕیارە بەمنزیکانە دادگایی بکرێت.
رۆژی چوارشەممە 26ی نیسانی 2023 گوتەبێژی نووسینگەی داواکاری گشتیی برۆکلین رایگەیاند، هاووڵاتییەکی بە رەچەڵەک لوبنانی کە هاوکات هەڵگری ناسنامەی بەلجیکییە، بە تۆمەتی پشتیوانیکردنی دارایی بۆ حیزبوڵڵای لوبنانی و سپیکردنەوەی پارە دادگایی دەکرێت.
هاووڵاتییە لوبنانییەکە ناوی "محەممەد بازی"یە، بە گوتەی گوتەبێژی نووسینگەی داواکاری گشتیی برۆکلین، "تائێستا ملیۆنان دۆلاری وەکو پشتیوانی بۆ حیزبوڵڵای لوبنانی دابینکردووە."
بەگوێرەی نووسینگەی داواکاری گشتیی برۆکلین، هاووڵاتییە لوبنانییەکە لە مانگی شوباتی ئەمساڵ لە رۆمانیا دەستگیر کراوە و رۆژی سێشەممە 25ی نیسانی 2023 رادەستی ئەمریکا کراوە.
ساڵی 2018، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، بە تۆمەتی پشتیوانیی دارایی و دابینکردنی پێداویستیی لۆجیستی بۆ حیزبوڵڵای لوبنانی، ئەو هاووڵاتییە لوبنانییەی خستە لیستی سزاکانیەوە.
حیزبوڵڵای لوبنانی گرووپێكی چەكدارە و ساڵی 1982 لە لوبنان دامەزراوە، سەید حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری گشتیی گرووپەكەیە.
ئەمریکا لە ساڵی 1997ـەوە حیزبوڵڵای لوبنانی بە رێکخراوێکی تیرۆریستی ناساندووە.