پەرلەمانی هەنگاریا داواکاریی فینلاندی بۆ ئەندامبوون لە ناتۆ پەسندکرد
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی هەنگاریا بە زۆرینەی دەنگ داواکاری فینلاندی بۆ ئەندامبوونی لە رێکخراوی ناتۆ پەسند کرد.
پەرلەمانی هەنگاریا، رۆژی دووشەممە 27 ئازاری 2023 لە بارەی داواکاری فینلاند بوو ئەندامبوونی لە ناتۆ کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا بە 182 دەنگی بەڵێ و 6 دەنگی نەخێر داواکارییەکەی پەسند کرد.
سانا مارین، سەرۆکوەزیرانی فینلاند، دوای پەسندکردنی داواکەی فینلاند لەلایەن پەرلەمانی هەنگاریاوە، لە تویتێکدا نووسی: "سوپاس هەنگاریا بۆ بڕیارەکە."
لە مانگی نیسانی ساڵی رابردوو، دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، فینلاند و سوێد بەیەکەوە داواکارییان پێشکێش بە رێکخراوی ناتۆ کرد بۆ ئەندامبوون لە رێکخراوەکە.
ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا، لە تشرینی دووەم، لە کۆبوونەوەی لووتکەی سەرۆکوەزیرانەکانی نێوەراستی ئەوروپا، رایگەیاندبوو، ئەوان داواکاری فینلاند و سوێد پەسند دەکەن.
هەنگاریا لە لایەن بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا بەوە تۆمەتبار دەکرا کە پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا هەیە. هەروەها لەلایەن پەرلەمانی ئەوروپا بەوە تۆمەتبارکراوە کە دژی میدیای ئازادە و مافی هاوڕەگەزخوازان پێشێل دەکات، ئەوانەش وایکردبوو کە هەنگاریا درەنگتر وەڵامی داواکاریی دوو وڵاتەکەی ئەسکەندەنافیا بداتەوە.
رێکخراوی ناتۆ لە 30 وڵاتی ئەندام پێکدێت، هەر وڵاتێك بیەوێت ببێتە ئەندامی رێکخراوەکە، دەبێت رەزامەندیی هەر 30 وڵاتەکە بەدەستبێنێت.
تورکیاش وەکو یەکێک لە ئەندامی رێکخراوەکە پێشتر رایگەیاند، کە ئامادەن داواکاری فینلاند و سوێد بۆ بوون بە ئەندامی رێکخراوەکە پەسند بکەن بەو مەرجەی هەردوو وڵاتەکە بە تایبەتی سوێد ژمارەیەک داواکراویان رادەست بکەنەوە، بەڵام سوێد نەچووە ژێرباری داواکارییەکەی تورکیا. بۆیە رەجەب تەیب ئەردۆغان، تەنیا بە ئەندامبوونی فینلاند لە ناتۆ رازی بووە.