لە کۆتدیڤوار بۆ پاراستنی سرووشت دیوارێک لەنێوان شار و دارستاندا دروستدەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

لە پارکی نیشتمانیی بانکۆ لە شاری ئەبیجانی باشووری کۆتدیڤوار دیوارێک بە درێژایی 10 کیلۆمەتر بۆ جیاکردنەوەی دارستان لە شار دروستدەکرێت؛ ئامانجەکە ئەوەیە خانوو و باڵەخانە کۆنکرێتییەکان شوێنی درەخت و گژوگیای دارستانەکە نەگرنەوە.
 
کۆلۆنێل فۆسێنی کۆلیبالی، بەڕێوەبەری پارکی بانکۆ دەڵێت، "سنوورەکان خەریکە تەسک دەبنەوە؛ پرۆسەیەکی بەشارکردن بەڕێوەیە؛ چەند گەڕەکێکی نوێ خەریکە دروستدەکرێن کە مەیلی ئەوەیان تێدا تێبینی دەکرێت سنووری پارکەکە ببەزێنن".
 
رۆژانە ژمارەیەکی زۆر گەشتیاری نێوخۆیی و بیانی بۆ دوورکەوتنەوە لە قەرەباڵخیی شار و بەسەربردنی کاتێکی ئارام لەگەڵ سرووشت سەردانی پارکی بانکۆ دەکەن.
 
لە سەرانسەری جیهان تەنیا دارستانێکی دیکەی لەو شێوەیە ماوە کە لەنێو شاردا بێت و هێشتا بلۆک و کۆنکرێت بە تەواوی قووتیان نەدابێت، ئەویش پارکی تیژوکایە لە بەرازیل.
 
لۆرێنت پیگاگنۆن، گەشتیاری مۆوریتی دەڵێت، "ئەمە یەکەمین جارە سەردانی دارستانێک بکەم بەم رادەیە لە شارێکی گەورە نزیک بێت. شوێنێکی زۆر خۆشە".
 
پۆڵ خەڵکی ئەبیجایە، بەلای ئەوەوە، رێگەی خۆڵی دارستانەکە لە رێگە قیرتاوکراوەکانی شاری ئەبیجای خۆشترە بۆ پاسکیلسواری.
 
پۆڵ لویسان، پاسکیلسوار دەڵێت، "لێخوڕینی پاسکیل لە نێو ئەبیجان یان هەر شارێکی دیکە، زەحمەتە. لێرە هەموو شتێکت هەیە بۆ پاسیکلسواریی شاخەوانی، لە گردەوە بگرە تاوەکو دەگاتە لێژایی و خۆڵ".
 
رووبەری پارکی نیشتمانیی بانکۆ سێ هەزار و 474 هێکتارە و نزیکەی 30 جۆر گیانەوەری تێدا پارێزراوە کە مەترسیی لەنێوچوونیان لەسەرە.
 
بەگوێرەی یەکێتیی سرووشتپارێزی نێودەوڵەتی، لە ماوەی 50 ساڵی رابردوودا، بەهۆی کشتوکاڵ، ئاگر و تەقاندنەوەی مین بۆ دەرهێنانی کانزاکان، کۆتدیڤوار 80%ی دارستانەکانی لەدەستداوە و ساڵانە 300 هەزار هێکتاری لەنێودەچێت.