مامۆستایەکی فەرەنسا بەهۆی وەرگێڕانی تێکست بۆ داعش، بە 'تیرۆر' تۆمەتبار دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
داواکارانی گشتیی فەرەنسا مامۆستایێکی تەمەن 26 ساڵیان بە کاری "تیرۆرست"ی تۆمەتبار کردووە، لەسەر ئەوەی کە ژمارەیەک سروودی ئایینی وەرگێڕاونەتە سەر زمانی فەرەنسی و بۆ داعشی ناردوون.
نووسینگەی داواکاری گشتیی فەرەنسا ئەمڕۆ رایگەیاند، ئەو کەسە لە 16ی شوباتەوە سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە، بە تۆمەتی ئەوەی "نەخشەڕێژی تاوانی تیرۆرستیی کردووە بۆ ئەوەی تاوان لە دژی خەڵک بکرێت."
دەزگا دادوەرییە فەرەنسییەکە دەشڵێت: "ئەو پیاوە تۆمەتبارە بەوەی لانیکەم پێنج سروودی ئایینی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی فەرەنسی، بە دەنگی خۆی سروودەکانی گوتووەتەوە و تۆمارکردوون."
نووسینگەی داواکاری گشتیی فەرەنسا ئاماژە بەوە دەکات، ئەو سروودە ئایینیانە، "بانگەواز بۆ جیهاد دەکەن" و لە لایەن تۆمەتبارەکەوە "نێردراون بۆ ئەندامانی داعش بۆ ئەوەی بڵاوبکرێنەوە."
راگەیێندراوەکە هەروەها دەلێت، سروودەکان لە "ئامێری تایبەتی دیجیتاڵیی" کەسەکەدا دۆزراونەتەوە. ئێستا دەستبەسەرە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆسیەکە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت، باس لەوە دەکات، کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو، پۆلیس ماڵی تۆمەتبارەکەی پشکنیبوو و سەرەنجام لێکۆڵینەوەی تاوانکاری لەگەڵیدا دەستپێکرد.
چاپەمەنیی فەرەنسا بڵاویکردووەتەوە کە تۆمەتبارەکە فەرەنسیێکی بە رەچەڵەک جەزائیرییە، لە ناوچەی درانسی لە پاریس مامۆستای قوتابخانەی سەرەتایی بووە.
بە گوتەی چاپەمەنییەکە، ئەو کەسە تۆمەتبارە بە "بڵاوکردنەوەی پروپاگەندەی جیهادی بە نهێنی" لەسەر ئینتەرنێت.
سەدان پیاو و ژنی فەرەنسا لە ساڵانی 2014 بەولاوە چوونە سووریا بۆ ئەوەی لە ریزەکانی داعشدا شەڕ بکەن، کە ئەوکات ناوچەیەکی بەرفراوانی سووریا و عێراقی کۆنترۆڵکردبوو و خەلافەتی راگەیاندبوو؛ لە ساڵی 2019 خەلافەتەکە رووخێنرا.
لە 10 ساڵی رابردوودا، شوێنکەوتووانی داعش بەرپرسیارێتیی خۆیان لە چەند هێرشێکی کوشندە لە فەرەنسا دەربڕیوە.
لە نێویاندا، خراپترین هێرشی جیهادی لە مێژووی فەرەنسا کە نۆڤەمبەری 2015 لە پاریس و دەوروبەری روویدا و 130 کەسی تێدا کوژران.