فەرەنسا دەڵێت بە دووری نازانن سەرباز بنێرنە ئۆکراینا و رووسیا هۆشداری دەدات
رووداو دیجیتاڵ
لە لێدوانێکی بێوێنەدا، سەرۆککۆماری فەرەنسا دەڵێت، "بە دووری نازانن" لە داهاتوودا سەرباز بنێرنە ئۆکراینا بۆ ئەوەی لە دژی رووسیا شەڕ بکەن. کرێملنیش دەڵێت، ناردنی سەرباز بۆ ئۆکراینا، "لەبەرژەوەندیی رۆژئاوادا نابێت".
دوای کۆبوونەوەی سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی 20 وڵاتی ئەوروپی و بەرپرسانی دیکەی رۆژئاوایی لە پاریس، ئیمانوێل ماکرۆن گوتی: "ئەمڕۆ هیچ کۆدەنگیێک نییە بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی فەرمی سەرباز بنێرین. بەڵام بەپێی گۆڕانکارییەکان، هیچ شتێک بەدوور نازانرێت."
ماکرۆن رەتیکردەوە هیچ وردەکاریێک ئاشکرا بکات لەسەر ئەوەی کام وڵات بیر لە ناردنی هێز دەکاتەوە، بەڵام گوتی: "هەموو شتێکی پێویست دەکەین بۆ ئەوەی رووسیا نەتوانێت جەنگەکە بباتەوە."
رۆژی سێشەممە، دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی سەرۆکی رووسیا لە بارەی ئەگەری ناردنی سەربازی وڵاتانی رۆژئاوا بۆ ئۆکراینا، گوتی: "ئەمە بەهیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندیی ئەو وڵاتانەدا نابێت، پێویستە لەمەدا ئاگادار بن."
هەروەها ئاماژەشی بەوە کرد، گفتوگۆی ئەو وڵاتانە لەبارەی ناردنی سەرباز، "پێشهاتێکی نوێی گرنگە."
ماکرۆن هەروەها ژمارەیەک هەنگاوی نوێی بۆ بەهێزکردنی سوپای ئۆکراینا راگەیاند.
ماکرۆن گوتی: "بڕوامان وایە کە بەزاندنی رووسیا بۆ ئاسایش و سەقامگیریی ئەوروپا پێویستە."
باسی لەوەش کرد رووسیا "هەڵوێستێکی تووندتر پێشاندەدات، نەک تەنیا لە ئۆکراینا بەڵکو بەگشتی."
رۆبێرت فیکۆ، سەرۆکوەزیرانی سلۆڤاکیاش ئاماژەی بەوە کردووە، ژمارەیەک وڵاتی یەکێتیی ئەوروپا و ناتۆ بژارەی ناردنی سەرباز بۆ ئۆکراینا هەڵدەسەنگێنن.
ماکرۆن گوتی: "زۆر لەوانەی ئەمڕۆ دەڵێن 'هەرگیز، هەرگیز' هەمان ئەوانەن کە دوو ساڵ لەمەوبەر دەیانگوت 'هەرگیز تانک نانێرین، هەرگیز فڕۆکە نانێرین، هەرگیز مووشەکی دوورمەودا نانێرین."
"زیاتر و خێراتر"
ماکرۆن گوتی، هاوپەیمانیێکی نوێ پێکدەهێنرێت بۆ ئەوەی "مووشەک و بۆمبی دوورمەودا و مامناوەند"بۆ ئۆکراینا دابینبکرێن تاوەکو هێرشی قووڵیان پێ بکات."
بە گوتەی ماکرۆن، "هاودەنگیێکی بەرفراوان هەیە بۆ ئەوەی کاری زیاتر و خێراتر بکرێت،" ئاماژەی بەوەشکرد، هاودەنگی هەیە لەسەر ئەوەی پێکەوە لەگەڵ ئۆکراینا چەک بەرهەمبێنن و پیشەسازیی سەربازیی وڵاتەکەش بەهێزتر بکەن.
پیتەر فیالا، سەرۆکوەزیرانی کۆماری چیک گوتی، "پشتیوانییەکی گەورە" لە دەستپێشخەریی یارمەتیدانی ئۆکراینا دەکرێت بۆ ئەوەی بتوانێت لە دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا چەک بکڕێت."
مارک رووتە، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری هۆڵەندا گوتی، وڵاتەکەی لەو دەستپێشخەرییەدا، سەرمەشق دەبێت و ئەوانی دیکەش شوێنی دەکەون.
ماکرۆن گوتی: "ناتوانین هیچ شتێک بە دوور ببینین بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکەمان. نابێت رووسیا ئەم جەنگە بباتەوە."
ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا و ئەندرێ دودا، سەرۆکی پۆڵەندا لە نێو ئەو 25 سەرکردە ئەوروپییەدا بوون کە لە کۆنفرانسەکەدا بەشدار بوون.
وڵاتانی دیکە لە سەر ئاستی وەزیران بەشداربوون. دەیڤد کامێرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا و نوێنەرانی ئەمریکا و کەنەداش لەوێ بوون.
لە کاتی کردنەوەی کۆنفرانسەکە لە کۆشکی ئیلیزێ، ماکرۆن گوتی، پێویستە هاوپەیمانەکانی ئۆکراینا پشتیوانییەکەیان بۆ ئۆکراینا زیاتر بکەن.