بایدن هەروەها رۆژی دووشەممە، لە نیویۆرک لە وەڵامی رۆژنامەڤاناندا ئاماژەی بەوە کردبوو، کە هیواخوازە تاوەکو رۆژی دووشەممەی داهاتوو رێککەوتنەکە رابگەیێندرێت بۆ ئەوەی شەڕ بوەستێنرێت و بارمتەکانیش ئازادبکرێن.
قسەکانی بایدن لە کاتێکدا هاتن کە شاندێکی سەربازیی ئیسرائیلی بۆ مەبەستی دانوستاندن چووەتە قەتەر.
ئامانج لەو دانوستاندنانە کە بە نێوەندگیریی قەتەر، میسر و ئەمریکا دەکرێن، ئەوەیە بۆ ماوەیەکی کاتی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە غەززە بوەستێنرێت و یارمەتیی مرۆیی بگاتە غەززە، کە بە گوتەی نەتەوە یەکگرتووەکان 2.3 ملیۆن کەس لەو شوێنە لە لێواری ئەوەدان چیدیکە خۆراکیان دەستنەکەوێت.
کاتێک لە بایدنیان پرسی کەی ئاگربەستەکە دەستپێدەکات، گوتی هیواخوازە لە رۆژانی داهاتوودا بێت.
بایدن لە فرۆشگەیەکی ساردەمەنیی نیویۆرک لە کاتی کڕینی ئایسکرێمدا، بە رۆژنامەڤانانی گوت: "راوێژکاری ئاساییشی خۆم پێمدەڵێت کە ئێمە نزیکتربووینەتەوە. ئێمە نزیکین. ئێمە هێشتا تەواو نەبووین. هیوام وایە تاوەکو دووشەممەی داهاتوو، ئاگربەستێکمان هەبێت."
ئەمریکا لەم چەند رۆژە گوشارەکانی بۆ سەر ئیسرائیل زیادکردووە تاوەکو بە ئاگربەستێک رازیبێت و هێرشی سەر رەفەح روونەدات.
رەفەح دەکەوێتە باشووری غەززە و نزیکەی 1.4 ملیۆن کەسی تێدایە، کە زۆرینەیان لەبەر جەنگ ئاوارە بوون و بۆ سەلامەتی گیانی خۆیان پەنایان بردووەتەوە بەر ئەو شارە.
قسەکانی بایدن رۆژێک دوای ئەوە هاتن کە جەیک سوڵیڤان، راوێژکاری ئاساییشی ئەمریکا گوتی، بەرپرسانی ئیسرائیل، میسر، قەتەر و ئەمریکا رۆژی یەکشەممەی رابردوو، لە پاریس مەرجەکانی ئاگربەستیان تاوتوێکردووە و لەبارەی هێڵە سەرەکییەکانی رێککەوتنەکە گەیشتوونەتە "لێکتێگەیشتنێک".
هیچ بەرپرسێکی حەماس لە گفتوگۆکانی پایتەختەکەی فەرەنسادا بەشدار نەبوون.
دوای ئەو گفتوگۆیانە، بڕیارە ژمارەیەک کۆبوونەوە بە بەشداریی شاندەکانی حەماس و ئیسرائیل سەرەتا لە قەتەر و دواتر لە قاهیرە بکرێن، ئەمە بە گوتەی بەرپرسێکی میسری کە قسەی بۆ میدیا کردووە.
حەماس لە دەوحەی پایتەختی قەتەر نووسینگەی هەیە.
رۆژی دوشەممە، ئەمیر شێخ تەمیم بن حامد ئال سانی لەگەڵ ئیسماعیل هەنییە، سەرکردەی سیاسیی حەماس کۆبووەوە و باسیان لە هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە "ئاگربەستێکی دەستبەجێ و درێژخایەن لە کەرتی غەززە" کرد، ئەمە وەک میدیای فەرمیی قەتەر باسی کردبوو.
دوای کۆبوونەوەکە، هەنییە گوتی حەماس پێشوازی لە هەوڵی نێوەندگیرەکان دەکات بۆ ئەوەی کۆتایی بە جەنگ بێنن، هەروەها ئیسرائیلی تۆمەتبارکرد بەوەی دانوستاندنەکان پەکدەخات لە کاتێکدا کە خەڵکی غەززە لە ژێر گەمارۆدا گیان لەدەستدەدەن.
لە هەمان کاتدا، ئیسرائیل لە گوتاری ئاشکرای خۆیدا سوورە لەسەر ئەوەی کۆتایی بە جەنگ ناهێنێت تا ئەوکاتەی حەماس بە تەواوی لەنێودەبات، دەشڵێت هێرشەکەی بۆ سەر رەفەح هەر دەکات، تەنانەت ئەگەر ئاگربەستیش بکرێت.
لە 7ی ئۆکتۆبەرەوە، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بوونەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 29 هەزار و 782 کەس.
ئەو هێرشانە لە وەڵامی ئەوەدا هات کە لە 7ی ئۆکتۆبەر، حەماس هێرشێکی کتوپڕی کردە سەر ئیسرائیل. لەو رۆژەدا، بە گوتەی سوپای ئیسرائیل نزیکەی هەزار و 160 کەس کوژران.
هەر لەو رۆژەدا، 250 کەس لە لایەن گرووپە فەلەستینییەکانەوە بە بارمتەگیران و گوێزرانەوە بۆ غەززە.
زیاتر لە 100 بارمتە لە ماوەی ئاگربەستێکی کورتخایەن لە مانگی نۆڤەمبەر ئازادکران؛ هێشتا، وەک ئیسرائیل دەڵێت، 132یان لە غەززە ماون، کە ژمارەیەکیان کوژراون.