وەزیری دەرەوەی ئێران: جینۆسایدی غەززە بەردەوام بێت، ئەمریکا لە ئاگرەکەی سەلامەت نابێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری دەدات لەوەی "ئەگەر جینۆسایدی سەر غەززە بەردەوام بێت، ئەمریکا لە ئاگرەکەی سەلامەت نابێت" و دەڵێت، حەماس ئامادەیە هەموو بارمتە سڤیلەکانی ئیسرائیل ئازاد بکات، بەڵام پێویستە جیهانیش لە ئازادکردنی شەش هەزار بەندکراوی فەلەستینیدا یارمەتیدەربێت.
رۆژی پێنجشەممە، 26ـی تشرینی یەکەمی 2023، حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆبوونەوەی نائاسایی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بارەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل قسەی کرد و گوتی، ئیسرائیل "وڵاتێکی دەستدرێژیکار و داگیرکارە و گەلی فەلەستین مافی ئەوەی هەیە بەرگریی لەخۆی بکات و وڵاتێک دروستبکات."
عەبدوڵڵاهیان بە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانی گوت، حەماس ئامادەیە هەموو بارمتە ئیسرائیلییە سڤیلەکان ئازادبکات، گوتیشی پێویستە جیهان پشتیوانی لە ئازادکردنی شەش هەزار فەلەستینی بکات کە لەلایەن ئیسرائیلەوە بەندکراون.
وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، تاران، قەتەر و تورکیا ئامادەن ئاسانکاری بۆ ئازادکردنی بارمتەکان لەلایەن حەماسەوە بکەن.
رۆژی پێنجشەممە سوپای ئیسرائیل رایگەیاندبوو کە 224 کەس لەلایەن حەماسەوە بە دیل گیراون، دوای ئەوەی کە 7ی تشرینی یەکەم هێرشیان کردە سەر ناوچەکانی ژێر دەستی ئیسرائیل لە دەوروبەری کەرتی غەززە، کە لەو هێرشە هەزار و 400 کەسیشیان کوشت.
دواتر کەتائیبی قەسام، باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، ژمارەی ئەو بارمتە و دیلە ئیسرائیلییانەی بەهۆی بۆردوومانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر کەرتی غەززە کوژراون، گەیشتووەتە نزیکەی 50 کەس.
بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلیشەوە بۆ سەر غەززە، بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی کەرتەکە، تاوەکو ئێستا حەوت هەزار و 28 کەس کوژراون و نزیکەی 18 هەزار و 500 کەسی دیکەش برینداربوون. لەنێو کوژراوەکاندا دوو هەزار و 913 منداڵ، هەزار و 709 ژن و 397یان بەتەمەنن.
"جینۆساید"
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆسەر غەززە بە "جینۆساید" ناوبرد، گوتیشی: "ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا تەماشەکار و پشتیوانکاری کوژرانی حەوت هەزار کەسی سڤیلە لە غەززە بە دەستی ئیسرائیل."
وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداریشیدا: "ئێمە پێشوازی لە فراوانبوونی مەودای جەنگ ناکەین، بەڵام ئەگەر جەنگی سەر غەززە بەردەوامبێت، ناتوانین شەڕەکە بوەستێنین."
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان هەروەها گوتی: "هەر لایەنێک بیەوێت رێگری لە فراوانبوونی جەنگ بکات، پێویستە گوشار بخاتە سەر ئیسرائیل بۆ ئەوەی جەنگ لە دژی غەززە بوەستێنێت."
بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە، نزیکەی 45٪ی باڵەخانە و یەکەی نیشتەجێبوون بە تەواوەتی خاپوورکراون یان زیانیان بەرکەوتووە، ئەوە جگە لە 219 دامەزراوەی دیکەی پەروەردەیی. هاوکات، نزیکەی 1.4 ملیۆن دانیشتووی کەرتی غەززە ئاوارە بوون و 101 کارمەندی تەندروستیش کوژراون.
بە گوێرەی بەرپرسانی ئیسرائیلیش لەو ماوەیەدا زیاتر لە هەزار و 405 کەس لە ئیسرائیل کوژراون و نزیکەی پێنج هەزار و 431 کەسی دیکەش برینداربوون. لەنێو کوژراوەکانی ئیسرائیلدا 366 سەرباز و پۆلیسی ئیسرئیلی هەن.
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لەو ماوەیەدا لە کەرتی رۆژئاوا بەهۆی پێکدادان و گرژییەکانەوە 103 کەس کوژراون، هەزار و 836 کەسی دیکەش برینداربوون و هەزار و 450 کەسی دیکەش دەستگیرکراون.
"ئەمریکا لە ئاگرەکە سەلامەت نابێت"
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان هۆشداریدا کە "ئەگەر جینۆسایدی غەززە بەردەوامبێت، ئەوا ئەمریکا لە ئاگرەکە سەلامەت نابێت."
ئەوە لە کاتێکدایە کە پشتیوانیکردنی ئیسرائیل لەلایەن ئەمریکاوە وایکردووە کە گرووپەکانی لایەنگری ئێران لە عێراق و سووریا بەرژەوەندییەکانی واشنتن بکەنە ئامانج.
لە ماوەی کەمتر لە دوو هەفتەی رابردوودا، زیاتر لە 14 جار هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، عێراق و سووریا بە درۆن و مووشەک کراونەتە ئامانج، کە بە گوتەی پێنتاگۆن بوونەتە هۆی برینداربوونی 24 سەربازی ئەمریکی "بە سووکی"، ئە لە پاڵ گیانلەدەستدانی بەڵێندەرێکی سڤیلی ئەمریکی بە جەڵتەی دڵ لە 18ی تشرینی یەکەم لە بنکەی عەین ئەسەد لە پارێزگەی ئەنباری عێراقی، دوای ئەوەی کە بەهۆی زەنگی هۆشداریی هەبوونی هێرش، رایکردبوو بۆ پەناگەکان.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان گوتی: "رێکارەکانی واشنتن و بەشداربوونی راستەوخۆی لە جەنگی سەر غەززە، پێشێلکاریێکی روونی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە."