وەزیری تەندروستی و ژینگەی ئانتیگوا و باربودا بۆ رووداو: باجێکی قورسی گۆڕانی کەشوهەوا دەدەین
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری تەندروستی و ژینگەی ئانتیگوا و باربودا بە رووداوی گوت، ئەوان لە هەنگاونان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی گۆڕانی کەشوهەوا بێهیوا بوونە و باجێکی قورسیش دەدەن. ئەو رایگەیاند: "پەنجەرەیەکی زۆر تەسکمان لەبەردەمە بۆ ئەوەی ئەو بارودۆخە پێچەوانە بکەینەوە."
رۆژی پێنجشەممە 26-09-2024 مۆلوین جۆزێف، وەزیری تەندروستی و ژینگەی ئانتیگوا و باربودا، لەبارەی رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر پرسە ژینگەییەکانی جیهان بە دیار کوردە، نێردراوی رووداو بۆ نیویۆرکی راگەیاند، نەتەوە یەکگرتووەکان رۆڵێکی زۆر گەورە دەگێڕێت لە رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا. دەبێت لەسەر ئەم پرسە هەموو لایەنەکان کۆببنەوە، ئەوانەی کە ژینگە پیس دەکەن و ئەوانەیشی کە قوربانیی ئەو ژینگە پیسەن.
وەزیری تەندروستی و ژینگەی دوورگەی ئانتیگوا و باربودا کە دەکەوێتە هەرێمی کاریبی گوتیشی: "پرسیارەکە ئەوەیە ئێمە تا چەند دەتوانین ئەو لایەنانە لەگەڵ یەکدی کۆبکەینەوە بۆ ئەوەی هەموو لایەک پابەندیی خۆی جێبەجێبکات؟ ئەمە کێشەکەیە. ئێمە وەکو دوورگەیەکی بچووک، کارەساتی زۆرمان بەسەرهاتووە. بۆ نموونە ژیانی دەریایی دوورگەکەمان زیانی پێگەیشتووە، ئاوی زەریا گەرمتر دەبێت و ئەمەش کاریگەریی خراپی لەسەر ژیانی ئەو زەریایە هەیە. ئێمە پێمان وایە کە پەنجەرەیەکی زۆر تەسکمان لەبەردەمە بۆ ئەوەی ئەو بارودۆخە پێچەوانە بکەینەوە."
هەندێک وڵات لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەوانەش عێراق، پشت بە سووتەمەنیی بەردین دەبەستن و پابەندییان نییە، لەوبارەوە جۆزێف گوتی: "چەندین ساڵە هەوڵی ئەوە دەدرێت، دوورگە و وڵاتە بچووکەکان بێهیوابوونە لەوە، ئێمە ئەو جیدێتییە نابینین بۆ ئەوەی ئەو شتەی کە ئێستا لە هەموو جیهاندا روودەدات، پێچەوانە بکرێتەوە و باجێکی قورس دەدەین."
ئانتیگوا و باربودا دوورگە وڵاتێکی ناوچەی کاریبییە و دەکەوێتە باکووری کیشوەری ئەمریکای باشوور. وڵاتەکە لە دوو دوورگە پێکهاتووە و ناویان ئانتیگوا و باربودایە. ئەو وڵاتە بچووکە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە زیانی زۆری بەرکەوتووە، لەوانەش بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریا، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی، کەم و زیادی لە رێژەی بارانبارین و زۆربوونی زریان و گەردەلوول.
دەقی قسەکانی مۆلوین جۆزێف، وەزیری تەندروستی و ژینگەی ئانتیگوا و باربودا
رووداو: زۆر سوپاس جەنابی وەزیر، رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوی تەندروستیی جیهانی چۆن دەبینیت لە رووبەڕووبوونەوەی کێشە تەندروستی و ژینگەییەکانی ئێستای جیهان؟
مۆلوین جۆزێف: نەتەوە یەکگرتووەکان رۆڵێکی زۆر گەورە دەگێڕێت لە رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا. دەبێت لەسەر ئەم پرسە هەموو لایەنەکان کۆببنەوە، ئەوانەی کە ژینگە پیس دەکەن و ئەوانەیشی کە قوربانیی ئەو ژینگە پیسەن. پێموایە کە نەتەوە یەکگرتووەکان سەکۆیەکی باشە. پرسیارەکە ئەوەیە ئێمە تا چەند دەتوانین ئەو لایەنانە لەگەڵ یەکدی کۆبکەینەوە بۆ ئەوەی هەموو لایەک پابەندیی خۆی جێبەجێبکات؟ ئەمە کێشەکەیە. ئێمە وەکو دوورگەیەکی بچووک، کارەساتی زۆرمان بەسەرهاتووە. بۆ نموونە ژیانی دەریایی دوورگەکەمان زیانی پێگەیشتووە، ئاوی زەریا گەرمتر دەبێت و ئەمەش کاریگەریی خراپی لەسەر ژیانی ئەو زەریایە هەیە. ئێمە پێمان وایە کە پەنجەرەیەکی زۆر تەسکمان لەبەردەمە بۆ ئەوەی ئەو بارودۆخە پێچەوانە بکەینەوە.
رووداو: باسی پابەندیی وڵاتانی دیکەت کرد، هەروەک دەزانی گۆڕانی کەشوهەوای جیهانی پێویستیی بە هەنگاوی جیهانی هەیە، ئەمە ناکەوێتە سەر یەک وڵات. هەندێک وڵات هەن کە پشت بە سووتەمەنی بەردین دەبەستن بۆ نموونە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە عێراق، ئەوان پابەندیش نین بەمە چونکە ئەگەر پابەند بن، زیان بەر بودجەیان دەکەوێت. چۆن نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی دیکەی جیهان دەتوانن پێکەوە کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی هەمان هەنگاو بنێن؟
مۆلوین جۆزێف: چەندین ساڵی هەوڵی ئەوە دەدرێت، با راستگۆبم لەگەڵت، دوورگە و وڵاتە بچووکەکان بێهیوابوونە لەوە، ئێمە ئەو جدێتییە نابینین بۆ ئەوەی ئەو شتەی کە ئێستا لە هەموو جیهاندا روودەدات، پێچەوانە بکرێتەوە. دەمەوێت ئەوەش بڵێم، ئێمە ئەزموونی ئەو کاریگەرییەی گۆڕانی کەشەوهەوامان کردووە و خراپتریش دەبێت، ئێمەش باجێکی قورس دەدەین.