سوودانی لەبارەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا: شتێکی ئاساییە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی The Nationalی ئیماراتی، لە بارەی کێشەی نێوان پارتە سیاسییەکانی عێراق و ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەڵێت، "ئەمە شتێکی ئاساییە، تەنانەت لە دوای هەڵبژاردنەکانیش، لە چوارچێوەی دەستووردا رکابەرایەتی هەبوو."
سوودانی لە پەراوێزی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک هەڤپەیڤینەکەی کردووە، کە تێیدا رەتیدەکاتەوە کێشەی گەورەی سیاسی لە نێو لایەنەکانی عێراقدا هەبن، هەروەها ئەو دەنگۆیانەش رەتدەکاتەوە کە باس لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت دەکەن.
لە بارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کە 18ی کانوونی یەکەم بەڕێوەدەچن، سوودانی دەڵێت: "سەرووی 300 پارت خۆیان لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی خۆجێیدا تۆمارکردووە، ئەمەش ئاماژەیەکی دیکەی تەندروستە بەوەی کە سیستمی سیاسی سەقامگیر بووە."
روانگەی سوودانی بۆ پەیوەندیی عێراق و دراوسێکانی
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، دەیەوێت وڵاتەکەی رۆڵی لە بەهێزکردنی پەیوەندیی نێوان وڵاتانی ناوچەکەدا هەبێت.
لەبارەی سووریا، سوودانی دەڵێت، "سووریا بە پێکهاتە سیاسییەکەی ئێستا و خەڵکەکەیەوە، باشترە لە جێگرەوەیەکی دیکەی نەناسراو کە رەنگە هەموو ناوچەکە بخاتە نێو جەنگێکی نوێوە."
سوودانی هەروەها باس لەوە دەکات: "هەر تێکچوونێکی ئەمنی لە سووریا، دەکرێت ببێتە هۆی بەرەڵاکردنەوەی داعش. پێویستە لەگەڵ سووریا دەست بە هاوئاهەنگی بکەینەوە و پێداویستییەکانی خەڵکەکەی دابین بکەین."
لە بارەی هێرشەکانی ئێران و تورکیاش بۆ سەر هەرێمی کوردستان و عێراق، سوودانی دەڵێت: "ئێمە لە رێگەی دیپلۆماسییەوە مامەڵە لەگەڵ بابەتەکەدا دەکەین و تووندوتیژی و یان هەڕەشەی تووندوتیژی رەتدەکەینەوە. ئێمە توانای وەڵامدانەوەمان هەیە، بەڵام دیپلۆماسیمان پێباشترە."
"بەشێک نابین لە هیچ هەژموونگەرییەک"
گەشتەکەی سوودانی بۆ نیویۆرک، کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و برێت مەکگۆرک، رێکخەری کۆشکی سپی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەخۆگرتبوو.
سوودانی ئاماژە بەوە دەکات، بە بەرپرسانی ئەمریکای گوتووە پەیوەندیی وڵاتەکانیان "نابێت تەنیا لە چوارچێوەی رەهەندێکی ئەمنیدا بێت، لە کاتێکدا ئێمە کراوەین بۆ هاوکاریی ئەمنی دوولایەنە"، هەروەها تیشک دەخاتە سەر گرنگیی "سەربەخۆیی عێراق و ئێمە بەشێک نابین لە هیچ هەژموونگەرییەک".
یەکێک لەو پرسانەی کە هاتووەتە ئاراوە، بوونی هێزی بیانییە لە عێراق.
سوودانی ئاماژەی بەوە کردووە، "ئێمە پێویستمان بە هێزی شەڕکەر نییە؛ ئەوەی ئێمە هەمانە راوێژکاری سەربازین، بەڵام تەنانەت هەبوونی ئەوانیش پێویستی بە رێکخستنە، لە رووی قەبارە و شوێن و ماوەی مانەوەیان".
ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە "خشتەیەکی کاتیی روون" هەبێت بۆ مانەوەی هێزی بیانی لە عێراق.
"ئەمە بەشێکە لەو شتەی کە پێویستە بۆ سەروەری و سەقامگیریمان، بۆ ئەوەی هیچ بیانوویەک بۆ ئەو کەسانە نەهێڵرێت کە داوای هێشتنەوەی چەک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتدا دەکەن بەهۆی بوونی هێزی بیانی."
کێشەی دیاریکردنی سنوور لەگەڵ کوێت
ئەمریکا بانگهێشتی فەرمی پێشكێشی سوودانی کرد بۆ ئەوەی لە دوای چەند هەفتەیەکی دیکە سەردانی واشنتن بکات، بابەتێک کە چەند مانگێک بوو لە چاوەڕوانیدا بوو. لە کاتێکدا کە ئەوە وەک سەرکەوتنێک سەیر دەکرا، پەرەسەندنی گرژییەکان لەگەڵ کوێت لە نیویۆرک گەیشتە لووتکە، کاتێک حکومەتی کوێت نیگەرانی دەربڕی و گوتی: پێدەچێت عێراق لە رێککەوتنەکانی پێشووی دیاریکردنی سنوورە دەریاییەکان پاشگەزبێتەوە.
کوێت نیگەرانییەکانی بە روونی دەربڕی و لەلایەن وڵاتانی ئەنجوومەنی هاوکاریی کەنداوەوە پشتگیری لێکرا سەبارەت بە هەنگاوی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنی ساڵی 2012ی کوێت و عێراق، کە ئامانجی دانانی سنوورە دەریاییەکانی خۆرعەبدوڵڵا بوو.
لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا دوای کۆبوونەوەکەیان لە نیویۆرک، رێکخراوی هاریکاریی کەنداو و ئەمریکا رایانگەیاند: "وەزیرەکان جەختیان لە گرنگیی پابەندبوونی عێراق بە سەروەریی کوێت و یەکپارچەیی خاکەکەی و رێزگرتن لە رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان و بڕیارنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، بەتایبەتی بڕیارنامەی 833ی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە دیاریکردنی سنووری کوێت و عێراق."
لە راگەیێندراوەکەی ئەمریکا و رێکخراوی هاریکاریی کەنداو داوایان لە حکومەتی عێراق کردووە "دڵنیایی بدات کە لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە بەردەوامدەبێت."
سوودانی لەلایەن هەندێک لایەنی سیاسییەوە رووبەڕووی گوشاری نێوخۆیی دەبێتەوە بۆ ئەوەی رێککەوتنی سنوورە دەریاییەکان هەڵبوەشێنێتەوە، هەروەها رووبەڕووی گوشاری ناوچەییش دەبێتەوە بۆ وەڵامدانەوەی بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدراڵی، کە شێخ ئەحمەد نەواف سەباح، سەرۆکوەزیرانی كوێت گوتی "هەڵەی مێژوویی تێدایە".
لە وەڵامی پرسیارەکاندا سەبارەت بەم بابەتە، سوودانی بە رۆژنامەی ناشناڵی راگەیاند کە " لە عێراق ناکۆکی لە نێوان لقە جیاوازەکانی دەسەڵاتدا هەیە". بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە حکومەتەکەی "پابەندە بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەپاڵ سەروەری و یەکپارچەیی خاکی کوێت."
سوودانی باسی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی کوێت کرد و گوتی: "هەڵوێستی حکومەتەکەمانم بۆ پشتڕاستکردەوە و خواستی عێراقم دەربڕی بۆ درێژەدان بە کارەکانی لیژنە هاوبەشەکان و بۆ ئەوەی سەردانی هاوبەشی بەردەوام لە نێوان بەرپرسان و پسپۆڕانی هەردوو وڵاتدا هەبێت، لە هەموو بوارەکاندا، بۆ بەهێزکردنی ئاستی هاوکاری و دروستکردنی متمانە."
سوودانی جەختی لە پابەندبوونی خۆی بە "باشترکردنی پەیوەندییەکانمان و تێپەڕاندنی هەموو بەربەستەکان"ی نێوان هەردوو وڵات کردەوە.
سوودانی پێزانینی خۆی بۆ ئەو نیگەرانییانە دەربڕی کە کوێتییەکان هەیانە و گوتیشی "عێراقی دوای ساڵی 2003 تەواو جیاوازە لە عێراقی پێشوو. ئێمە ئێستا کار لەسەر دانانی پڕۆژەی سنووربڕ و پەرەپێدانی پەیوەندی لەگەڵ هەموو دراوسێکانماندا دەکەین، لەنێویاندا کوێت."
"جەنگی راستەقینە لە دژی گەندەڵییە"
عێراق رووبەڕووی ئاڵنگارییەکی گەورە دەبێتەوە، چونکە بەپێی ئامارەکانی حکومەتی ناوەندی، 16٪ی دانیشتووانەکەی لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. سوودانی دەڵێت: "باشترین جێبەجێکردنی تۆڕی ئاسایشی کۆمەڵایەتی لە عێراقدایە، ئەمە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دانپێدانراوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، "بودجەی ئەم حکومەتە بۆ ساڵی 2023، چوار ملیار دۆلاری بۆ پێدانی یارمەتیی دارایی بە کاش بۆ تاک و خێزانەکانی ژێر هێڵی هەژاری تەرخانکردووە و 1.7 ملیۆن کەس و خێزان لەم بەرنامەیەدا بەشدارن."
هەریەک لەوانە بە تێکڕا مانگانە 200 دۆلار وەردەگرن و پشتگیریی دارایی بۆ خوێندکاران زیادکردووە چونکە "بەرەنگاربوونەوەی هەژاری تەنیا پەیوەندی بە داهاتەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە پەروەردە، تەندروستی و کۆمەڵگەوە هەیە، ئێمە نامانەوێت هەژاری ببێتە میرات".
بەرەنگاربوونەوەی هەژاری و پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بەشێکە لە هەوڵەکانی سوودانی بۆ "کۆتاییهێنان بە هەژاری لە عێراق لە ماوەی پێنج ساڵدا."
ئەوە یەکێکە لە بەڵێنەکانی سوودانی بۆ ئەوەی متمانەی عێراقییەکان بەدەستبهێنێت. بەڵام ئەم پشتگیرییە نەختینەییە جگە لە پێدانی مووچەی کەرتی گشتی، گوشار دەخاتە سەر بودجەی عێراقیش. بۆیە سوودانی پێیوایە "دەبێت کەرتی تایبەت رۆڵێکی گرنگ ببینێت".
روونیشیکردەوە، "پێشتر دەمانتوانی دەستخۆشی لە کەرتی تایبەت بکەین و پشت بە داهاتی نەوت ببەستین، بەڵام لە ساڵی 2020دا راچڵەکینێکی تووند هەبوو".
"لە مانگی شوباتی [ئەو ساڵەدا]، داهاتی عێراق لە نەوت 1.5 ملیار دۆلار بوو، لەکاتێکدا 4.5 ملیار دۆلار پێویست بوو بۆ تەواوکردنی مووچەی [کەرتی گشتی]، واتە دەبوو سێ ملیار دۆلار قەرز بکەین".
یەکێک لە گەورەترین بەربەستەکانی بەردەم کەرتی تایبەت گەندەڵییە – بابەتێک کە سوودانی دان بە بوونیدا دەنێت. "جەنگێکی راستەقینە هەیە دژی گەندەڵی، رۆژانە کاردەکەین بۆ گەڕاندنەوەی پارە و ئەوانەشی پارەکەیان بردووە. ئێمە بەدواداچوون بۆ هەموو زانیارییەکان دەکەین."