شەڕی رووسیا و ئۆکرینا لە شاری پۆکرۆڤسک سەختتر دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
لە 24 کاژێری رابردوودا لە چەندین بەرەوە شەڕی تووند لەنێوان هێزەکانی رووسیا و ئۆکراینا بەردەوام بوو.
رووسیا رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، لە چەندین ئاراستەوە هێز و چەکەکانی ئۆکراینای بۆردوومانکردووە؛ هەروەها ئۆکراینا بڵاویکردەوە، دۆخی هەرێمی پۆکرۆڤسکی رۆژهەڵاتی وڵاتەکەی سەختە و شەڕێکی قورسی لەسەر دەکرێت کە ناوچەیەکی لۆجستیی ستراتیجییە.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، پێگەیەکی کاتیی هێزێکی "بەکرێگیراو"ی ئۆکراینای لەنێوبردووە؛ هەروەها هێزی ئاسمانیی رووسیا رایگەیاند، 8 مووشەکی هیمارسی دروستکراوی ئەمریکی و 41 درۆنی دیکەی تێکشاندووە کە لەلایەن هێزەکانی ئۆکرایناوە ئاراستەکرابوون.
سوپاسالاری ئۆکرایناش رایگەیاند، لە 24 کاژێردا لە 68 شوێنی بەرەکانی پێشەوە، شەڕ و پێکدادانیان لەگەڵ هێزەکانی رووسیا هەبووە. بەگوتەی ئەو، دۆخی شاری پۆکرۆڤسک سەختە و هێزەکانی رووسیا لە چەند قۆڵێکەوە هێرشیان دەکەنەسەر.
وەزارەتی بەرگریی رووسیاش دەڵێت، هێزەکانیان لە پاشەکشەکردن بە هێزەکانی ئۆکراینا لە هەرێمی کورسک بەردەوامن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، سوپاکەیان ئۆپەراسیۆنی گەڕان و کێوماڵکردن دەکات بۆ دۆزینەوە و لەنێوبردنی ئەو هێزە ئۆکراینییانەی هەوڵدەدەن بچنە نێو قووڵایی رووسیا.
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، هێزەکانیان یەک بۆ سێ کیلۆمەتر لە هەرێمی کورسکی رووسیا پێشڕەوییان کردووە و دەستیان بەسەر دوو گوندی دیکەدا گرتووە.