رێبەری کۆریای باکوور سەرپەرشتیی تاقیکردنەوەی چەند درۆنێکی بۆمبڕێژکراو دەکات
رووداو دیجیتاڵ
کیم جونگ ئوون، رێبەری کۆریای باکوور سەرپەرشتیی تاقیکردنەوەی ژمارەیەک درۆنی بۆمبڕێژکراوی نوێی وڵاتەکەی کرد، کە بۆ ئەوە دروستکراون بە ئامانجەکاندا بتەقنەوە.
بەگوێرەی میدیای کۆریای باکوور، کیم جونگ ئوون رایگەیاندووە، ئەو چەکە نوێیانە ئامادەیی سوپای وڵاتەکەی بۆ جەنگ باشتر دەکەن.
لەو کاتەوەی ناکۆکییەکانی پیۆنگیانگ لەگەڵ واشنتن و سیئۆل زیادبوون، کیم پیشاندانی هێز و توانای سوپای وڵاتەکەی زیاتر کردووە.
ئەو وێنانەی لە لایەن میدیای کۆریای باکوور بڵاوکراونەتەوە، نیشانیدەدەن، چەند درۆنێکی سپی کە باڵەکانیان لە شێوەی پیتی ئێکسی ئینگلیزیدان، خۆیان بە ئامانجێکدا دەکێشن و تێکیدەشكێنن. ئامانجەکە لە تانکی K-2ـی کۆریای باشوور دەچێت.
تاقیکردنەوەکە هاوکاتە لەگەڵ مانۆڕی سەربازیی بەرفراوانی هاوبەش لەنێوان کۆریای باشوور و ئەمریکا کە بە گوتەی خۆیان، ئامانجیان بەهێزکردنی تواناکانی بەرگرییە دژی هەڕەشە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی کۆریای باکوور.