ترەمپ باسی 'سڕینەوەی ئێران لەسەر رووی زەوی' دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و بەربژێری کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەم ساڵ، داوا دەکات ئەگەر لەلایەن ئێرانەوە بکوژرێت، ئەمریکا ئەو وڵاتە لەسەر رووی زەوی بسڕێتەوە.
 
ترەمپ لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵدا نووسیویەتی: "ئەگەر ئەوان سەرۆک ترەمپ تیرۆر بکەن، کە هەمیشە یەکێکە لە ئەگەرەکان، هیوادارم ئەمریکا ئێران تەخت بکات و لەسەر رووی زەوی بیسڕێتەوە. ئەگەر وانەبێت، ئەوا سەرکردەکانی ئەمریکا بە ترسنۆک دادەنرێن!"
 
ترەمپ هاوپێچ لەگەڵ نووسراوەکە، ڤیدیۆی گوتاری بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی لە کۆنگرێس داناوە کە تێیدا باسی لە پلانێکی ئێران بۆ کوشتنی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا کردبوو. 
 
میدیای ئەمریکی، هەفتەی رابردوو بڵاویکردەوە کە فەرمانگەی کاروباری نهێنیی ئەمریکا کە بەرپرسە لە پاراستنی سەرکردەکانی وڵاتەکە، رێکارەکانی پاسەوانیکردن لە ترەمپی تووندوتۆڵ کردووە، چونکە دەزگە ئەمنییەکان پلانێکی ئێرانیان بۆ کوشتنی ترەمپ ئاشکراکردبوو، ئەگەرچی پلانەکە پەیوەندیی بەو هەوڵەوە نەبوو کە لە 13ی تەممووز لەلایەن کەسێکی 20 ساڵانەوە لە پێنسیلڤانیا بۆ کوشتنی درا. 
 
میدیای ئەمریکی باسی لەوە کردبوو، کە دەزگە ئەمنییەکانی ئەمریکا زانیاریی هەواڵگرییان پێگەیشتووە، گوایە تاران هەوڵی کوشتنی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دەدات، لەبەر ئەوەش پاسەوانەکانی زیادکران و رێکاری ئەمنیش تووندکرا. 
 
بەڵام ئەوە پەیوەندیی بە رووداوەکەی ناوچەی بەتلەری پێنسیلڤانیاوە نەبوو، کە تێیدا تۆماس ماتیو کرووکس تەقەی لە ترەمپ کرد و گوێی بریندارکرد، هەروەها ئامادەبووێکی کۆبوونەوە جەماوەرییەکەی کوشت و دوو کەسی دیکەشی بریندارکرد، کە دواتر خۆیشی کوژرا.
 
پەیوەندییەکانی واشنتن و تاران ماوەیەکی درێژ بوو خراپ بوون. دوای کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، پەیوەندییەکان بە بنبەست گەیشتن و سوپای پاسداران هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی لە ترەمپ کردووە کە بە فەرمانی ئەو، هێرشە درۆنییەکە لە سەرەتای 2020، سولەیمانیی لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا کوشت. 
 
ئەنجوومەنی ئاساییشی ئەمریکا رایگەیاندووە کە "ماوەی چەندین ساڵە بەدواداچوون بۆ هەڕەشەکانی ئێران دژی بەرپرسانی ئیدارەی پێشووی ترەمپ" دەکات. 
 
ترەمپ لە ساڵی 2019ش کە سەرۆک بوو، هەڕەشەی "تەختکردن"ی ئێرانی کرد ئەگەر ئەو وڵاتە هێرش بکاتە سەر "هەر شتێکی ئەمریکی."