دامەزرێنەری ویکیلیکس دوای ئازادکردنی گەیشتەوە ئوسترالیا
رووداو دیجیتاڵ
جولیان ئاسانج، دامەزرێنەر و خاوەنی ماڵپەری ویکیلیکس دوای ئەوەی ماوەی پێنج ساڵ لە بەندینخانەیەکی لەندەن دەستگیر کرابوو، لە دوورگەی باکووری ماریانا لەبەردەم دادوەر ئامادەبوو و پاشان بەرەو ئوسترالیا و ژیانی ئازادی رۆیشت.
فڕۆکەکەی دامەزرێنەری ویکیلیکس لە فڕۆکەخانەی کانبێرا لە ئوستورالیا نیشتەوە و لەلایەن هاوژینەکەیەوە پێشوازی لێکرا.
ستێڵا ئاسانج، هاوژینی جولیان ئاسانج لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە کانبێرای ئوسترالیا گوتی: "جولیان پێویستی بەکاتە بۆ ئەوەی دۆخەکەی ئاسایی ببێتەوە و لەگەڵ ئازادی رابێتەوە."
جێن رۆبینسن، پارێزەری جولیان لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا رایگەیاند، ئاسانج دوای ئازادبوونی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا سوپاسی ئەنتۆنی ئەلبانێز، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیای کردووە.
ئاسانجی تەمەن 52 ساڵ، لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە داواکراو بوو، دوای ئەوەی لە ساڵی 2010 بە هەزاران بەڵگەنامەی نهێنیی ناوەندە سەربازی و دیپلۆماسییەکانی ئەمریکای بڵاوکردووەتەوە.
لە ساڵی 2019، دادگەی فیدراڵیی ئەمریکا، لەسەر 18 تاوان، لەوانە بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامەی نهێنی و ئەمنی ئەمریکا دادگایی کرد.
ئاسانج حەوت ساڵ لەنێو باڵەخانەی باڵیۆزخانەی ئیکوادۆر لە لەندەن مایەوە، دواتر لە نیسانی 2019 پۆلیسی بەریتانیا دەستبەسەری کرد.
ئەو هەڕەشەی رادەستکردنی بۆ ئەمریکا و سوێدی لەسەر بوو، کە دووەمیان تۆمەتباری کردبوو بەوەی دەستدرێژی سێکسی کردووەتە سەر دوو ئافرەت، بەڵام دواتر ئەو دۆسیەیە داخرا.
لە حوزەیرانی 2022، بەریتانیا رازی بوو ئاسانج رادەستی ئەمریکا بکاتەوە بۆ دادگاییکردنی، بەڵام دواتر لەدادگە، ئاسانج کەیسەکەی بردەوە و هەر لە بەریتانیا مایەوە.