پووتین: دوو هێلیکۆپتەرەکەی یاوەری رەئیسی دروستکراوی رووسیا بوون بۆیە دەرباز بوون


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی رووسیا پێیوایە، هۆکاری دەربازبوونی ئەو دوو هێلیکۆپتەرەی لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێران چووبوونە سەر سنووری ئازەربایجان، ئەوە بووە کە لەلایەن رووسیاوە دروستکراون و دەتوانن بەرگەی کەشوهەوای سەخت بگرن. 
 
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لەگەڵ وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی و حەوت کەسی دیکە بەهۆی تێکشکانی هێلیکۆپتەرەکەیان لە کاتی گەڕانەوەیان لە سنووری ئازەربایجان لە 19 ئایار گیانیان لەدەستدا.، بەڵام دوو هێلیکۆپتەری دیکەی کاروانەکەی، بە سەلامەتی دەربازیان بوو. 
 
لەوبارەیەوە ڤلادیمیر پووتین گوتی: "یاوەرانی سەرۆککۆماری ئێران کە لە هێلیکۆپتەری دروستکراوی رووسیادا بوون، لە هەمان  کەشوهەوای سەختدا گەشتیان دەکرد، بەڵام بێ کێشە گەیشتنەجێ."
 
هێلیکۆپتەرەکەی رەئیسی دروستکراوی ئەمریکا بوو و تەمەنی زیاتر لە 40 ساڵ بوو. سەرۆکی رووسیا لە سەردانێکیدا بۆ بێلاڕووس، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ستاییشی پیشەسازیی بەرگریی وڵاتەکەی کرد. 
 
حکومەتی ئێران دەڵێت، هێلیکۆپتەرەکەی رەئیسی بەهۆی کێشەی تەکنیکی و خراپیی کەشوهەوا تێكشکاوە. 
 
کەرتی فڕۆکەوانیی ئێران بەهۆی سزاکانی رۆژئاوا رووبەڕووی خراپیی خزمەتگوزاریی چاککردنەوە دەبێتەوە، بەوپێیەی کە ناتوانێت پارچە و ئامێر بۆ نۆژەنکردنەوەیان لە دەرەوە هاوردە بکات. 
 
ئەلێکساندەر لوکاشێنکۆ، سەرۆکی بێلاڕووس لە هەمان کۆنگرە رۆژنامەڤانییە هاوبەشەکەدا گوتی، تێکشکانی هێلیکۆپتەرەکەی رەئیسی بەهۆی ئەو سزایانەوە بووە.