لە پەرلەمانی بۆلیڤیا شەڕە بۆکس لەنێوان ژمارەیەک پەرلەمانتار روودەدات


رووداو دیجیتاڵ 

ژمارەیەک پەرلەمانتاری ژن لە پەرلەمانی بۆلیڤیا بە شەق و بۆکس و قژ راکێشان رووبەڕووی یەکدی بوونەوە. ئەمەش دوای ئەوە هات پەرلەمان وەزیری ناوخۆی وڵاتەکەی بۆ پێشکێشکردنی راپۆرتێک لەبارەی دەستگیرکردنی کەسایەتییەکی دیاری ئۆپۆزیسیۆن بانگهێشتکردبوو.
 
رۆژی سێشەممە 25-5-2023، ئێدواردۆ دێل کاستیلۆ، وەزیری ناوخۆی بۆلیڤیا بانگهێشتی پەرلەمانی وڵاتەکە کرابوو تاوەکو راپۆرتێک لەبارەی رەوایەتیی زیندانیکردنی لویس فێرناندۆ کاماچۆ، حاکمی هەرێمی سانتاکرووز پێشکێش بکات، بەڵام بانگهێشتکردنەکە سەری بۆ شەڕ لە نێوان پەرلەمانتارانی سەر بە پارتی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن کێشا.
 
لەکاتی پێشکێشکردنی راپۆرتەکەدا، ژمارەیەک ژنە پەرلەمانتاری سەر بە پارتی کاماچۆی ئۆپۆزیسیۆن هاتنە بەردەم شوێنی دانیشتنی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و ژمارەیەک درووشمیان بەرزکردەوە کە لەسەریان نوسرابوو، "ئێوە گرووپی تووندڕۆ، دز و تووندوتیژن هاتوون پارەی باخەڵی خەڵکی بۆلیڤیا بدزن."
 
 
بەشێکی دیکە لە درووشمەکان بریتی بوون لە، "لەگەڵ هەبوونی زیندانی سیاسی هیچ دیموکراسییەک نییە". یەکێکی دیکەیان وێنەیەکی گەورەی ئێدواردۆ دێل کاستیلۆ، وەزیری ناوخۆی لەسەر بووە و لەسەری نووسراوە "وەزیری تیرۆر."
 
لە وەڵامدا ژمارەیەک پەرلەمانتاری سەر بە حکومەت هێرشدەکەنە سەر پەرلەمانتارە ئۆپۆزیسیۆنەکان و داوایان لێدەکەن درووشمەکان دابنێن؛ پاشان لە دەستیانی دەڕفێنن و دەیدڕێنن.
 
نزیکەی 20 پەرلەمانتار لە شەڕەکەدا بەشدارن و شەق، زللـە و بۆکس لە یەک دەدەن و قژی یەکدی رادەکێشن، بەڵام هیچ کام لە لایەنەکان بریندارنەبوون.
 
لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانی بۆلیڤیا باس لەوە دەکەن، 180 زیندانی سیاسی لە بۆلیڤیا هەن کە لەلایەن حکومەتەوە بە پلاندانان بۆ کودەتا بەسەر ئیڤۆ مۆراڵ، سەرۆکی پێشووی بۆلیڤیا تۆمەتبارکراون.