ترەمپ بیر لە سزادانی ئەو وڵاتانە دەکاتەوە کە دەستبەرداری دۆلار دەبن
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بەنیازە ئەگەر بگەڕێتەوە سەر دەسەڵات، سزا بەسەر ئەو وڵاتانەدا بسەپێنێت کە لە مامەڵە بازرگانییەکانیاندا دۆلار بەکارناهێنن.
بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، راوێژکارە ئابوورییەکانی ترەمپ هەڵسەنگاندن بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ئەو وڵاتانەدا دەکەن کە دەیانەوێت دەستبەرداری دۆلار ببن و دراوی دیکە لە بازرگانیدا بەکاربهێنن.
بەشێکی دیکە لەو بژاردانەی ترەمپ دەیەوێت لە بەرامبەر یار و نەیارەکانی ئەمریکادا بیانگرێتەبەر لە ئەگەری وازهێنانیان لە دراوی ئەمریکی، بریتین لە سنووردارکردنی هەناردەی ئەمریکی، تۆمەتبارکردنیان بە خراپ بەکارهێنانی دراو و سەپاندنی پێناسی گومرگی بەسەر بەرهەمەکانیاندا.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ژمارەیەک وڵاتی جیهان بڕیاریان داوە بەکارهێنانی دۆلار کەم بکەنەوە و پشت بە دراوە نیشتمانییەکانیان یان دراوی دیکەی وەکو رووبڵی رووسی و یەنی چینی ببەستن، بۆئەوەی ئەمریکا نەتوانێت دراوەکەی وەکو کارتێک دژیان بەکاربهێنێت.
هەوڵەکانی لابردنی دۆلار لە سیستمی دارایی نێودەوڵەتیدا ساڵی 2022 گەیشتنە لووتکە، کاتێک ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی سزای ئابووریی تووندیان بەسەر رووسیادا سەپاند.
سزاکان وایانکرد بانکی ناوەندی، بەرپرسانی حکومەت و نزیکەی دوو هەزار و 500 دامەزراوەی رووسی دەستیان بە دۆلار نەگات.
رێکخراوی بریکس کە بەرازیل، رووسیا، هیندستان، چین و ئەفریقای باشوور لەخۆدەگرێت، ئابی رابردوو تاوتوێی لابردنی دۆلاریان کرد.
گرنگیی ئەو هاوپەیمانییە کاتێک زیادیکرد کە وڵاتە گەورە بەرهەمهێنەرەکانی نەوتی وەکو سعودیە و ئیمارات، لەگەڵ چەندین وڵاتی دیکە، داوایانکرد پەیوەندیی بازرگانی لەگەڵیدا بەهێز بکەن.
میدیای ئەمریکی باس لەوە دەکات، راوێژکارانی ترەمپ هەنگاوەکانیان لە بەرامبەر ئەو وڵاتانەدا ئامادە کردوون.
ترەمپ چەندین جار رایگەیاندووە کە سوورە لەسەر ئەوەی دۆلار بە بەهێزترین دراوی جیهان بهێڵێتەوە و رێگری بکات لەوەی وڵاتان دەستبەرداری بن.