ئەمریکا، بەریتانیا و کەنەدا سزای زیاتر دەخەنە سەر پیشەسازیی درۆنی ئێران
رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا سزای زیاتری بەسەر ئێراندا سەپاند بۆ ئەوەی رێگری لە فرۆشتنی درۆنەکانی بکات.
رۆژی پێنجشەممە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەریتانیا و کەنەدا، سزای نوێیان بەسەر زیاتر لە 10 دامەزراوە، کەسایەتی و کەشتیدا سەپاندووە، بە تۆمەتی ئەوەی لە بەرهەمهێنان و فرۆشتنی درۆنی ئێراندا رۆڵیان هەبووە.
دوو کۆمپانیا و کەشتیێکی دیکەش کە نەوتی ئێران دەگوازنەوە، لەلایەن واشنتنەوە خراونەتە لیستی سزاکانەوە.
برایان نێڵسن، یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند: "وەزارەتی بەرگریی ئێران، بە پشتیوانیکردنی جەنگی رووسیا لە ئۆکراینا، هێرشی بێوێنەی سەر ئیسرائیل و بڵاوکردنەوەی درۆن و کەرەستە سەربازییە مەترسیدارەکانی دیکە، بەردەوامە لە تێکدانی ئارامیی ناوچەکە و جیهان."
ئەو بەرپرسە دەشڵێت: "ئەمریکا، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوبەشە بەریتانیا و کەنەدییەکانمان، بەردەوامدەبێت لە بەکارهێنانی هەموو ئامرازێکی بەردەست بۆ بەگژداچوونەوەی ئەوانەی جموجوڵە ناسەقامگیرەکەرەکانی ئێران پارەدار دەکەن."
بەریتانیاش رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، سزا نوێیەکانی، ئەو کەسایەتی و دامەزراوانەی ئێران دەگرنەوە کە لە پیشەسازیی سەربازیی وڵاتەکەدا کاردەکەن و یارمەتیی "جموجوڵە دوژمنکارەکانی" تاران دەدەن.
بەریتانیا هەروەها گوتی، قەدەخەی نوێ دەخاتە سەر هەناردەی کەرەستەی درۆن و مووشەک بۆ ئێران بۆ ئەوەی توانا سەربازییەکانی سنووردار بکات.
هەفتەی رابردوو، بەریتانیا سزای بەسەر ژمارەیەک کەسایەتی و دامەزراوەی دیکەی ئێران سەپاند؛ ئەو هەنگاوەشی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەمریکا بوو و لە کاردانەوەی هیرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیلدا هات.
13ی نیسان ئێران بە زیاتر لە 300 درۆن و مووشەک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، ئەوەش لە تۆڵەی هێرشەکەی 1ی نیسانی سەر کۆنسوڵخانەکەی لە دیمەشق کە بووە هۆی کوژرانی حەوت پاسدار لەنێویاندا دوو فەرماندە.
هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل هیچ زیانێکی ئەوتۆی بە ئیسرائیل نەگەیاند.