کیم جۆنگ ئون: تووڕەم بکەن چەکی ئەتۆمی بەکاردەهێنم
رووداو دیجیتاڵ
رێبەری کۆریای باکوور بەڵێن دەدات کە توانای هێزی ئەتۆمیی وڵاتەکەی بەشێوەیەکی خێرا بەهێزبکات و هەڕەشەی ئەوەش دەکات لە ئەگەری هەراسانکردنیدا، چەکی ئەتۆمی بەکاردەهێنێت.
ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 25ـی نیسانی 2022 بە بۆنەی 90ـەمین ساڵیادی سوپای کۆریای باکوور، نمایشێک بە چەکی قورسەوە لە پیۆنگیانگ کرا. لە میانی نمایشە سەربازییەکەدا، بەگوێرەی میدیای فەرمیی وڵاتەکە، کیم جۆنگ ئون، رێبەری کۆریای باکوور رایگەیاندووە کە لە تاقیکردنەوە مووشەکییەکانی بەردەوام دەبێت، ئەوەش بۆ ئەوەی وەکو خۆی دەڵێت گوشار بخاتە سەر ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا بۆ ئەوەی سازش بنوێنن. ئەوەش لەکاتێکدایە کە ئابووری وڵاتەکە بەهۆی دەرهاوێشتەکانی کۆرۆنا و سزاکانی ئەمریکاوە، تووشی ئاڵنگاری بووە.
بەپێی میدیای فەرمیی وڵاتەکە، کیم لە کاتی بەڕێوەچوونی نمایشە سەربازییەکە رایگەیاندووە، کە وڵاتەکەی "بەشێوەیەکی زۆر خێرا" بەردەوامە بە گرتنەبەری چەند رێکارێک بۆ بەهێزکردن و پەرەپێدانی هێزی ئەتۆمیی وڵاتەکەی. کیم گوتوویەتیشی کە ئامانج لەو کارە رێگرتنە لە هەڵگیرساندنی جەنگ، بەڵام ئاماژەی بەوەش کردووە لە هەر بارودۆخێکی "نەخوازراو" لەسەر خاکی وڵاتەکەی وادەکات کە هێزە ئەتۆمییەکەی چیدی ئەرکی بەرگریکردن نەبێت و لە ئەگەری ئەوەی وەکو خۆی دەڵێت هەر هێزێک ببێتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر وڵاتەکەی، ئەوان هیچ بژارەدەیەکی دیکەیان نامێنێت جگە لەوەی کە بە "ئەرکی دووەمیان" جێبەجێ بکەن.
لە ماوەی مانگی رابردوودا، کۆریای باکوور رایگەیاند، لەدوای 4 ساڵ، یەکەم مووشەکی بالیستیی کیشوەربڕی تاقیکردووەتەوە. ئەوەش سەرباری ئەوەی کە کۆریای باشوور رایگەیاند کە ئەو مووشەکەی لەلایەن کۆریای باکوور تاقیکراوەتەوە، لەوەی بانگەشەی بۆ دەکات بچووکتر بووە و مووشەکێک بووە لە جۆری هواسۆنگ-15.
سەرەڕای گومانە دەرەکییەکانیش، ئەو مووشەکەی لە 24ـی ئاداردا تاقیکرایەوە، دوورمەوداترین بووە و تاوەکو بەرزترین ئاست بەرزبووەتەوە بە بەراورد بە هەموو ئەو مووشەکانەی تاوەکو ئێستا کۆریای باکوور تاقیکردوونەتەوە. بەگوتەی کۆریای باکوور، مووشەکەکە توانای ئەوەی هەیە لەوێوە ئاڕاستەبکرێت و نێو خاکی ئەمریکا بپێکێت.