بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تیکتۆک رووبەڕووی پرسیاری قورسی کۆنگرێسی ئەمریکا دەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تیکتۆک رووبەڕووی پرسیاری قورسی کۆنگرێسی ئەمریکا بووەوە. شۆو چوو، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆک چووە کۆنگرێسی ئەمریکا بۆ ئەوەی دڵنیایی بە وڵاتەکە بدات کە ئەپڵیکەیشنەکەیان نابێتە مەترسی لەسەر داتا و زانیاریی بەکارهێنەرە ئەمریکییەکان.
شۆو چوو، کەوتە بەر پرسیاری قورس و هەندێ کاتیش کەمشارەزایی ئەندامانی کۆنگرێس لەسەر چۆنیەتیی کارکردنی ئەپەکە، لەوانەش لەسەر چۆنیەتیی کۆنترۆڵکردنی بابەتەکان و چۆنیەتیی پاراستنی داتای ئەمریکییەکان بۆ ئەوەی نەکەونە دەستی حکومەتی چین.
تیکتۆک هەوڵدەدات رێگەیەک بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی لەلایەن ئەمریکاوە قەدەخەنەکرێت. بۆ ئەوەش، پلانێکی هەیە بە ناوی "پرۆژەی تێکساس" کە چاوەڕێ دەکرێت 1.5 ملیار دۆلاری تێبچێت. بە گوێرەی پلانەکە، هەموو داتاکانی بەکارهێنەرە ئەمریکییەکان دەنێردرێنە سەر سێرڤەرەکانی کۆمپانیای ئۆراکڵی ئەمریکی. داتاکان دواتر لە لایەن هەزار و 500 کارمەندی ئەمریکییەوە بەڕێوەدەبرێن کە بۆ کۆمپانیایێکی جیا کاردەکەن بە ناوی "ئاساییشی داتاکانی بەکارهێنەرە ئەمریکییەکانی تیکتۆک". ئەم کۆمپانیایە پەیوەندیی بە بایتدانسی کۆمپانیای دایکی تیکتۆکەوە نییە و لە لایەن چاودێرانی دەرەکییەوە چاودێری دەکرێت.
لە تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە، هەموو داتاکانی بەکارهێنەرە ئەمریکییەکان، لە نێو ئەمریکادا کۆگاکراون. تیکتۆک لەم مانگەوە دەستیکرد بە سڕینەوەی هەموو ئەو داتایانەی لەسەر سێرڤەرەکانی دیکەی جگە لە ئۆراکڵ هەڵگیراون، ئەمە بە گوتەی چوو.
لێکۆڵینڤانان دەڵێن، تیکتۆک وەکو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە کاردەکات لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ داتاکان. لە شرۆڤەیەکدا کە لە 2021 بڵاویکردووەتەوە، زانکۆی تۆرنتۆی کەنەدا گەییشتە ئەو ئەنجامەی کە تیکتۆک و فەیسبووک هەمان بڕی زانیاریی بەکارهێنەران کۆدەکەنەوە و دەیخەنە بەردەم رێکلامکەرەکان.
کاتی مکمۆریس رۆجەرز، ئەندامی کۆماری ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پرسیاری لە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تیکتۆک کرد و گوتی، "ئایا هیچ ئامرازێکی چاودێریکردنتان بەکارهێناوە بۆ سڕینەوەی بابەتەکانی سەر تیکتۆک کە پەیوەندییان بە جینۆسایدی ئیگۆرەکانەوە هەیە؟ بەڵێ یان نەخێر؟"
شۆو چوو، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تیکتۆک لە وەڵامدا دەڵێت، "ئێمە هیچ جۆرە بابەتێک ناسڕینەوە. تیکتۆک شوێنێکە بۆ ئازادیی رادەربڕین، هەروەک گوتم، ئەگەر ئەپەکەمان بەکاربێنیت، دەتوانیت بڕۆیتە سەری و ببینی کە ژمارەیەکی زۆری بەکارهێنەران لە سەرانسەری جیهان لەسەر ئەو بابەتە و چەندین بابەتی دیکە را دەردەبڕن."
کاتی مکمۆریس رۆجەرز، ئەندامی کۆماری ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکاش پرسیارێکی دیکەی لێکرد و گوتی "وەکو پێشتر ئاماژەم پێدا، تیکتۆک سیخوڕیی بەسەر رۆژنامەڤانە ئەمریکییەکانەوە کرد. دەتوانی 100٪ بە دڵنیاییەوە بڵێی کە نە کارمەندانی بایتدانس و نە تیکتۆکیش ناتوانن ئەمریکییەکانی دیکە بەو جۆرە تەکنیکانەی چاودێریکردن بکەنە ئامانج؟"
شۆو چوو، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تیکتۆک لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا گوتی، "سەرەتا من هاوڕانیم لەگەڵ ئەوەی کە بە سیخوڕیکردن ناوببردرێت. ئەوە لێکۆڵینەوەیەکی نێوخۆیی بوو."
کاتی مکمۆریس رۆجەرز، ئەندامی کۆماری ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بەمشێوەیە پرسیارێکی دیکەی لێکرد "چاودێریرکردن؟ بەڵێ یان نەخێر، ئایا ئێوە دەتوانن چاودێری بەسەر ئەمریکییەکانی دیکەوە بکەن؟"
شۆو چوو، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تیکتۆک لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا دەڵێت، "ئێمە داتاکانی بەکارهێنەری ئەمریکی دەپارێزین. پاراستنی داتاکان لە گەیشتنی بەدەستی بیانی بەڵێنێکە کە ئێمە بە لیژنەکەمان داوە."
هەروەها فرانک پاڵۆن، ئەندامی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا رووی کردە بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە و گوتی، "با تەنها بەم شێوەیە دەستپێبکەم، بەڕێز چوو، کە من ئەو شتە نابینم کە تۆ بە پرۆژەی تێکساس پێشنیازتکردووە و ئەم دیوارە ئاگرینەی کە پێشنیاز دەکرێت بۆ هەرکەسێک بێت- بۆ من قبووڵکراوە. بە واتایەکی دیکە، دەزانن، من هێشتا باوەڕم وایە کە حکومەتی کۆمۆنیستی پەکین هێشتا کۆنترۆڵی دەکات و توانای کاریگەری لەسەر ئەو کارە هەیە کە ئێوە دەیکەن، بۆیە ئەم بیرۆکەیە، ئەم پڕۆژەیەی تێکساسە، بە سادەیی قبووڵکراو نییە."
لە وەڵامدا بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تیکتۆک روونیکردەوە، "ئێمە پابەندین کە زۆر شەفاف بین لەگەڵ بەکارهێنەرانمان سەبارەت بەو شتانەی کۆیان دەکەینەوە. پێموانییە ئەوەی کۆی دەکەینەوە، باوەڕم بەوە نییە ئەوەی کۆی دەکەینەوە زیاتر بێت لەوەی کە لە ئەمریکا."
فرانک پاڵۆن، ئەندامی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تیکتۆکی گوت، "دەبینیت کێشەی من لێرەدا ئەوەیە کە تۆ هەوڵدەدەیت وا دەریبخەیت کە ئێوە لە پەکین و پارتی کۆمۆنیست دووردەکەونەوە. هەوڵدەدەیت ئەو وا پێشانیبدەیت کە لایەنێکی باشیت، بەڵام ئەو بەڵێنانەی کە ئێمە داومانن بەوەی کە هەوڵدەدەین بەو ئامانجانە بگەین، ئەمڕۆ نەدراون. ئەم بەڵێنانە نابردرێنەسەر. ئێوە بەردەوام دەبن لە کۆکردنەوەی زانیاری. ئێوە بەردەوام دەبن لە فرۆشتنی داتا، ئێوە بەردەوام دەبن لە ئەنجامدانی هەموو ئەم کارانە و بەردەوام دەبن لە ژێر دەستی پارتی کۆمۆنیست لە رێگەی ئەو رێکخراوەوە کە خاوەندارێتیی ئێوە دەکات."
هەروەها کات کاماک، نوێنەری کۆماری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا رایگەیاند، "پێموایە ئەوە بە ئاشکرا پێشانیدەدات کە ئەو کەسانەی تیک تۆک بەکاردەهێنن چەندە لاوازن. دوای 41 رۆژ نەتانتوانی رێوشوێن بگرنەبەر کاتێک کە هەڕەشەیەکی روون، هەڕەشەیەکی زۆر توند بۆ سەر سەرۆکی ئەم لیژنەیە و ئەندامانی ئەم لیژنەیە لەسەر سەکۆیەکەتان بڵاوکرایەوە. تۆ زۆر بە باشی دەزانی کە ئێوە ناتوانن داتا و ئاساییشی ئەم لیژنەیە یان 150 ملیۆن بەکارهێنەرەکەی ئەپەکەتان بپارێزن چونکە درێژکراوەیەکی دیکەی پارتی کۆمۆنیستی چینە. بەوەش، ئیدی وازدێنم."