گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رووداو: لە گفتوگۆی عێراق - ئەمریکادا بەشدارنابین
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە رووداوی راگەیاند، نەتەوە یەکگرتووەکان لە گفتوگۆی نێوان واشنتن و بەغدا سەبارەت بە چارەنووسی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق، بەشدار نابێت.
سینان تونجدەمیر، پەیامنێری رووداو لە نیویۆرک، لە بارەگای سەرەکی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پرسیاری لە ستێفان دووجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە ئایا نەتەوە یەکگرتووەکان لە دانوستاندنی نێوان ئەمریکا و عێراقدا بەشدار دەبێت یان نا. دوجاریک لە وەڵامدا گوتی، "نەخێر، ئەوە پرسێکی دووقۆڵییە".
گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەشکرد کە "شتێکی باشە دانوستاندن" لەسەر ئەو پرسە دەکرێت، بەڵام گوتیشی، ئەو بابەتە "کاریگەری لەسەر ئەرکی نێردەکەمان لە عێراق ناکات".
رێکخراوە جیهانییەکە لە ساڵی 2003ـەوە تیمێکی بە ناوی نێردەی یارمەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق - یونامی لە وڵاتەکەدا هەیە بۆ ئەوەی لە بواری مرۆیی، گەشەپێدان و ئاشتەواییدا یارمەتیی عێراق بدات.
ئەمریکا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش دوو هەزار و 500 سەرباز، هەروەها 20 وڵاتی دیکەی هاوپەیمانیش 500 سەربازیان لە هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە کە ئەرکیان راوێژدان، مەشقپێکردن و توانادارکردنی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراقە.
نەتەوە یەکگرتووەکان هیچ پشتیوانی یان دژایەتییەکی بۆ مانەوەی ئەو هێزانە لە عێراق پێشاننەداوە.
لە دوای جەنگی غەززەوە، گرژییەکان لە عێراق زیادیان کردووە و عێراق پریشکی ئاگری جەنگەکەی بەرکەوتووە بە جۆرێک کە هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان، بە گوێرەی پێنتاگۆن، لانیکەم 60 جار کەوتوونەتە بەر هێرشی درۆنی و مووشەکیی گرووپە چەکدارە عێراقییەکانی لایەنگری ئێران. لە کاردانەوەی ئەوەشدا، ئەمریکا ژمارەیەک هێرشی کردووەتە سەر گرووپە چەکدارە عێراقییەکان.
دۆخە هەستیارەکە وایکردووە کە محەممەد شياع سوودانی داوا بکات هاوپەیمانییە سەربازییەکە وڵاتەکەی جێبێڵێت.
20ی ئەم مانگە، جێنین پلاسخارت، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق هۆشدارییدا کە "عێراق لە مەترسیی ئەوەدایە زیاتر بکشێنرێتە نێو ئەم ململانێیەوە" کە لە 7ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو لەنێوان حەماس و ئیسرائیلدا دەستیپێکرد.
عێراق و ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە رایانگەیاند، لە ماوەیەکی نزیکدا گفتوگۆ لەسەر چارەنووسی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەستپێدەکات، لە کاتێکدا بەغدا چاوەڕێ دەکات لە رێگەی ئەو دانوستاندنانەوە خشتەیەک بۆ قۆناخەکانی کشانەوەی هێزە بیانییەکان دابنرێت.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق رۆژی پێنجشەممە،گوتی، بەغدا و واشنتن رێککەوتن کە چەند گرووپێک پێکبێنن بۆ ئەوەی کاربکەن لەسەر دانانی "خشتەیەکی کاتیی ورد و روون و دەستپێکردنی کەمکردنەوەی قۆناخ بە قۆناخی راوێژکارانی هاوپەیمانی لە خاکی عێراق."
وەزارەتەکە دەڵێت، خشتەی کاتەکە بەند دەبێت لەسەر قەبارەی "هەڕەشەی داعش و مەترسییەکانی" هەروەها "توانای هێزە ئەمنییەکانی عێراق."
سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن رۆژی پێنجشەممە گوتی، چارەنووسی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق "بێگومان بەشێک دەبێت لە گفتوگۆکان."
پێش ئەوە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا کە لە رێگەی تەلەفۆنەوە کرا و دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن تێیدا بەشدار بوو، بەرپرسێکی باڵای پێنتاگۆن کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ئاماژەی بەوە کرد کە دانوستاندنەکان لەسەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا نابن، بەڵکو واشنتن "بە پێویستی دەزانێت گۆڕانێک دروستبێت بەرەو پەیوەندییەکی ئەمنیی دووقۆڵیی ئاسایی".
گرووپێک کە خۆی بە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" ناودەبات، رۆژی هەینی لە رێگەی تەلەگرامەوە نامەیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا دەڵێت، ئامانجی ئەمریکا لەو دانوستاندنانە "تێکەڵکردنی کارتەکان و بەدەستهێنانی کاتە."
گرووپەکە دەشڵێت، "وەڵامی مقاوەمەی ئیسلامی ئەوەیە کە لە ئۆپەراسیۆنەکانی بەردەوام دەبێت دژی هێزە بیانییەکان تا ئەوکاتەی نیازی راستەقینە و جیدیبوونیان بۆ پابەندبوون بە کشانەوەی هێزەکانیان دەسەلمێنرێت".
هەمان گرووپ بەرپرسیارێتیی خۆی لە زیاتر لە 90 هێرشی دیکە بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان دەربڕیوە.
گرووپەکە دەڵێت، هێرشەکان پشتیوانییەکن بۆ کەرتی غەززە دژی ئەمریکا کە پشتیوانی لە ئیسرائیل دەکات.
جەنگی غەززە دوای ئەوە دەستیپێکرد کە 7ی تشرینی یەکەم، چەکدارانی حەماس هێرشیان کردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی کەرتی غەززە و نزیکەی هەزار و 200 کەسیان کوشت و 250ی دیکەیان رفاندن، کە بە گوتەی سوپای ئیسرائیل زۆربەیان خەڵکی سڤیل بوون.
لە تۆڵەی ئەوەدا، ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومانی چڕی ئاسمانی و دواتر هێرشی زەوینی کرد بۆ سەر غەززە، کە بە گوتەی وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە، بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 26 هەزار کەس کە دوو لەسەر سێیان ژن و منداڵن.