لێكۆڵینەوەیەكی سوێدی: بەركەوتووانی كیمیابارانی هەڵەبجە تووشی خەمۆكی بوون
رووداو دیجیتاڵ
لێکۆڵینەوەیەکی نوێی زانکۆی گوتنبێرگی سوێدی، کە بە پشتبەستن بە چاودێریکردنی ژیانی 18 بەرکەوتووی کیمیابارانی هەڵەبجە کراوە، دەریدەخات ئەو کاریگەریانەی گازی خەردەل لەسەر دەروونی رزگاربووان زۆر زیاتربووە لەو کاریگەرییەی لەسەر لەشیان هەیبووە.
گازی خەردەل زیان بە چاو، پێست و هەناسە دەگەیێنێت؛ بەڵام دوای سێ دەیە، کاریگەریی هەرە گەورە کە ماوەتەوە، تێکچوونی تەندروستیی دەروونییە. لەم کاتەدا کە هێشتا چەکی کیمیایی بە هەڕەشە بۆ سەر مرۆڤ ماوەتەوە، لێکۆڵینڤانەکانی زانکۆی گۆتنبێرگی سوێدی، دوای چاودێریکردنی کۆمەڵێک لە بەرکەوتووانی کیمیابارانی هەڵەبجە، ئێستا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەیان بڵاوکردووەتەوە.
دوای بەرپابوونی جەنگی ئۆکراینا، هەڕەشەکانی بەکارهێنانی چەندین جۆری چەک، لەوانەش چەکی کیمیایی، زیاتر بوون. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوە، بەرپرسانی بەرگریی سوێد ئەم پرسەیان هێناوەتە بەر باس و جەختیان لەوە کردووەتەوە کە پێویستە وڵاتەکەیان ئامادەبێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر رووداوێكی پێوەندیدار بە چەکی کیمیایی.
لێکۆڵینڤانەکانی ئەکادیمیای ساهلگرینسکای زانکۆی گۆتنبێرگ، 18 رزگاربووی کیمیابارانی ساڵی 1988ی هەڵەبجە، کە ئێستا نیشتەجێی سوێدن، خستوونەتە ژێر لێکۆڵینەوە. ئەوانە بەشێک بوون لە بەرکەوتووانی هێرشە کیمیاییەکەی حکومەتی سەدام حوسێن بۆ سەر هەڵەبجە کە بووە هۆی شەهیدبوونی 5000 کەس و برینداربوونی دوو هێندەی دیکە.
ئامانج لە لێکۆڵێنەوەکە دۆزینەوەی کاریگەریی درێژخایەنی گازە کیمیاییەکان بوو لەسەر ژیان و باری دەروونیی رزگاربووان دوای 30 ساڵ لە بەرکەوتنیان بە گازی خەردەل و گەیشتنیان بە تەمەنی نزیکی 50 ساڵی. هاوتەریب لەگەڵ ئەوە، لێکۆڵینەوە لەسەر 30 کوردی دیکەی نیشتەجێی سوێد کراوە کە بەر هیچ چەکێکی کیمیایی نەکەوتوون.
ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە، کە لە گۆڤاری زانستیی Health and Quality of Life Outcomes بڵاوکراوەتەوە، پیشانی دەدات ئەو کەسانەی گازی خەردەلیان بەرکەوتووە ژیانیان بە شێوەیەکی بەرچاو نالەبارتر بووە لەوانەی کە تووشی نەهاتوون.
هەروەها رزگاربووانی مەرگەساتەکەی هەڵەبجە بە شێوەیەکی تووندتر تووشی خەمۆکی بوون بەراورد بەوەی کە بەر چەکەکە نەکەوتوون. لێکۆڵینەوەکە، گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە بە شێوەیەکی گشتی، ئەوانەی بەر چەکی کیمیایی کەوتوون، تەندروستیی دەروونییان لە تەندروستیی لەشیان خراپتر بووە، وێڕای ئەوەی کە لە سییەکانیاندا تووشی کێشەی درێژخایەن بوون. ئەم ئەنجامە بێ جیاوازی، بۆ هەردوو رەگەز وەکو یەک بووە.
فەرەیدوون مورادی، لێکۆڵەری سەرەکیی لێکۆڵینەوەکەیە و خوێندکاری دکتۆرا لە بواری چارەسەری کارەکی و ژینگەیی لە زانکۆی گۆتنبێرگ، کە هاوکات دەرمانسازێکی رێگەپێدراو و پزیشکێکی تایبەتمەندی چارەسەری گشتییە. لە پاڵ هەموو ئەوانەدا، مورادی ئەندامی ناوەندێکی سەر بە زانکۆی گوتنبێرگە کە تایبەتە بە چارەسەری کارەساتەکان.
مورادی دەڵێت، "ئەنجامەکان پیشانیدەدەن، ئەوانەی گازی خەردەلیان بەرکەوتووە رەنگە پێویستیان بە دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکانی تێکچوونی دەروونی و پشتیوانیی زیاتر بێت بۆ باشترکردنی ژیانیان. گرنگە کە زانیاریی زیاتری پزیشکی لەم بوارەدا بەدەستبهێنین، رێنوێنی و روانگەی وامان هەبێت کە یارمەتیدەر بن لە هەڵسەنگاندن و چارەسەرکردنی پێداویستییەکانی بەرکەوتووان."