کەجەکە: کۆمەڵکوژییەکەی پاریس لەلایەن دەسەڵاتی ئاکپارتی-مەهەپەوە ئەنجامدراوە
رووداو دیجیتاڵ
کۆما جڤاکێن کوردستان -کەجەکە دەڵێت، هێرشەکەی پاریس لەلایەن دەسەڵاتی ئاکپارتی-مەهەپە ئەنجامدراوە.
هاوسەرۆکایەتیی کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتیی کۆما جڤاکێن کوردستان -کەجەکە، ئەمڕۆ یەکشەممە، 25ی کانوونی یەکەمی 2022، راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشەکەی سەر ناوەندی کولتووریی ئەحمەد کایا لە پاریس بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئەو هێرشە لە لایەن حکومەتی تورکیاوە ئەنجامدراوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "لەو کۆمەڵکوژییەی کە رۆژی 23ـی کانوونی یەکەمی 2022 لە پاریس روویدا، هەڤاڵمان ئەڤین (ئەمینە کارا)، ئەندامی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری کەجەکە کە بەشداری لە بەڕێوەبردنی بزووتنەوەکەماندا کردبوو، لەگەڵ دوو نیشتمانپەروەرمان بە ناوەکانی میر پەروەر و عەبدولڕەحمان کزل شەهید بوون".
کەجەکە دەڵێت، ئەڤین لە ساڵی 1988دا پەیوەندی بە پەکەکەوە کردووە و رۆڵی گرنگی لە "شۆڕشی رۆژئاوای کوردستان"دا هەبووە، ئەوەش بە بەشداریکردنی لە شەڕی دژی داعش و ئاماژە بەوەش دەکات، بەهۆی برینداربوونی لە شەڕی داعش و بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر چووەتە ئەوروپا.
لە درێژەی راگەیێندراوەکەدا کەجەکەدا ئاماژەی داوە بە کوشتنی سێ ژنە کورد لە 9ـی کانوونی دووەمی 2013 لە پاریس و دەڵێت، پێویستە حکومەتی فەرەنسا بە دروستی "مامەڵە لەگەڵ ئەم دوو کۆمەڵکوژییەدا بکات و راستییەکان ئاشکرا بکات".
کەجەکە رەخنە لە فەرەنسا دەگرێت لەبارەی رووداوەکەی 9ـی کانوونی دووەمی 2013 لە پاریس و دەڵێت، سەرباری ئەوەی زۆر روون بوو کە ئەو کۆمەڵکوژییە لەلایەن دەوڵەتی تورکیا و دەزگای هەواڵگریی میت ئەنجامدرا، بەڵام لەلایەن دەوڵەتی فەرەنساوە راستییەکان نەخرانەڕوو.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا کەجەکە دەڵێت، خەڵکی کوردستان و دۆستەکانیان کاردانەوەی تووندی خۆیان بەرامبەر ئەم کۆمەڵکوژییە نیشاندا و هەڵوێستی دروستیان گرتەبەر، بەڵام "نابێت ئەم کردارانە تێکەڵ بە تووندوتیژی بکرێن. پێویستە گەلەکەمان و دۆستەکانمان ئاگاداری ئەوە بن کە کاردانەوەی خۆیان لەسەر بنەمای دیموکراسی دەرببڕن".