گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین بۆ رووداو: دژی پێشێلکردنی سەروەریی وڵاتانین
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین بە رووداوی گوت، پەکین دژی پێشێلکردنی سەروەریی وڵاتان و بەکارهێنانی هێزە؛ ئاماژەی بەوەشکرد: "چین بەردەوام دەبێت لە پێشاندانی کاریگەریی خۆی و هەوڵەکانی بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشتی و سەقامگیری" لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
رۆژی دووشەممە 25-11-2024، ماو نینگ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین، قسەی بۆ مەهدی فەرەج، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە چین کرد و گوتی: "ئێمە دژی پێشێلکردنی سەروەری و ئاسایشی وڵاتانی دیکە و بەکارهێنانی هێزین".
ئەو لێدوانەی ماو نینگ دوای پرسیارێکی مەهدی فەرەج هات کە گوتی: "ئیسرائیل هەڕەشەی هێرشکردنە سەر عێراق دەکات. پێتان وایە هەر هێرشێک دەتوانێت زیان بە بەرژەوەندییەکانتان لە عێراق بگەیێنێت؟".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین گوتیشی: "دۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زۆر ئاڵۆزە. پێویستە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان خۆیان بەدوور بگرن لە زیاتر گەورەکردنی مەترسییە ئەمنییەکانی ناوچەکە".
لەبارەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی چین لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هێورکردنەوەی دۆخی ناوچەکە، ماونینگ گوتی: "پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەت زلهێزە کاریگەرەکان رۆڵێکی بنیاتنەرانە لە کەمکردنەوەی گرژییە هەرێمییەکان و رەخساندنی هەلومەرجی پێویست بگێڕن. چین بەردەوام دەبێت لە پێشاندانی کاریگەریی خۆی و هەوڵەکانی بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە".
دەقی پرسیار و وەڵامەکان:
رووداو: عێراق هاوبەشێکی گرنگی ئابووری و بازرگانیی چینە. ئیسرائیل هەڕەشەی هێرشکردنە سەر عێراق دەکات. پێتان وایە هەر هێرشێک دەتوانێت زیان بە بەرژەوەندییەکانتان لە عێراق بگەیێنێت؟
ماو نینگ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین: چین هەمیشە دژی پێشێلکردنی سەروەری و ئاسایشی وڵاتانی دیکە و بەکارهێنانی هێزە. دۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زۆر ئاڵۆزە؛ پێویستە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان خۆیان بەدوور بگرن لە زیاتر گەورەکردنی مەترسییە ئەمنییەکانی ناوچەکە. زنجیرە رووداوەکانی ئەم دواییە جارێکی دیکە بەپەلەیی ئاگربەست و وەستانی شەڕ نیشان دەدن.
رووداو: ئایا چین هیچ هەنگاوێکی ناوە لە رێگەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان یان رێگە دیپلۆماسییەکانی دیکەوە بۆ رێگریکردن لە هێرشکردنە سەر عێراق؟
ماو نینگ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین: پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەت زلهێزە کاریگەرەکان رۆڵێکی بنیاتنەرانە لە کەمکردنەوەی گرژییە هەرێمییەکان و رەخساندنی هەلومەرجی پێویست بگێڕن. چین بەردەوام دەبێت لە پێشاندانی کاریگەریی خۆی و هەوڵەکانی بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە.