بەفر ژیانی رۆژانەی بەشێکی پێنسلڤانیا پەکدەخات
رووداو دیجیتاڵ
سەرماوسۆڵەی زستان رووی لە بەشێکی ئەمریکا کردووە و ژیانی رۆژانەی بەشێکی خەڵکی وڵاتەکەی پەکخستووە، لە کاتێکدا خۆیان بۆ پشووی جەژنی سوپاسگوزاری ئامادە دەکەن.
بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆر لە باکووری رۆژهەڵاتی ویلایەتی پێنسلڤانیای ئەمریکا، رێگەی چەندین شوێن داخراون و کارەبای دەیان هەزار ماڵ و فرۆشگە بڕاوە.
لە هەندێ شوێنی ویلایەتەکە، تاوەکو 43 سەنتیمەتر بەفر کەوتووە.
نزیکەی 35 هەزار ماڵ و فرۆشگەی 10 ناوچەی ویلایەتەکە ئێستا بێ کارەبان.
پێشبینیدەکرێت کەشوهەوای زستانەی سەخت سەرانسەری ئەمریکا بگرێتەوە، لە کاتێکدا ئەمریکییەکان خۆیان بۆ جەژنی سوپاسگوزاری ئامادە دەکەن کە دەکەوێتە 28ی ئەم مانگە.
بەڵام ویلایەتەکانی کالیفۆرنیا و واشنتن هێشتا لە ژێر کاریگەریی زریانەکەی پێشوودان و لە هەندێ شوێنیان کارەبا ئاسایی نەبووەتەوە.
رۆژی شەممە لە کالیفۆرنیا تەرمی پیاوێک لەنێو ئۆتۆمبێلەکەیدا دۆزرایەوە کە بەر لافاو کەوتبوو. دامودەزگەکانی ویلایەتەکە پێشبینی بارانی زیاتر دەکەن لە کاتێکدا هێشتا سەرقاڵی پاککردنەوەی شوێنەواری لافاوەکەی پێشوو و چاککردنەوەی ئەو شوێنانەن کە بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە.
لە شاری ساکرامێنتۆی کالیفۆرنیا هۆشداری دراوە لە شەپۆلێکی بەفربارینی چڕ. پێشبینی دەکرێت لە هەندێ شوێن خێرایی با بگاتە 88 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا و مەترێک و 20 سەنتیمەتر بەفر بکەوێت.
بە گوێرەی پێشبینییەکان، ئەمڕۆ و سبەی زۆرترین بەفر لە کالیفۆرنیا دەبارێت؛ هەروەها لە بۆستن تاوەکو نیویۆرک پێشبینی باران و بای بەهێز و لە چەند شوێنێکی نیو هامشێر و مەینیش پێشبینی بەفربارین دەکرێت.