وەزیری كاروباری وەبەرهێنان و دەریایی ئیندۆنیزیا بۆ رووداو: گیای دەریایی یارمەتییەکی زۆری پاراستنی جیهان دەدات

رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری كاروباری وەبەرهێنان و دەریایی ئیندۆنیزیا لە نیویۆرک قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، ئێستا توێژینەوەیەکی زۆر لەسەر گیای دەریایی دەکرێت، گیاکە دەتوانێت یارمەتیی کەشوهەوا، کەمکردنەوەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و پلاستیک بدات.
 
رۆژی چوارشەممە 25-09-2024 لوهوت بینسار پانجایتان، وەزیری كاروباری وەبەرهێنان و دەریایی ئیندۆنیزیا لە ئەمریکاوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ پرسی کەشوهەوا زۆر گرنگە، ئێستا خەڵکێکی زۆر خەریکی توێژینەوەن لەسەر گیای دەریایی. دەکرێت گیای دەریایی یارمەتییەکی زۆری پاراستنی جیهان بدات، چونکە گیای دەریایی دەتوانێت دووەم ئۆکسیدی کاربۆن کەمبکاتەوە و توانایەکی زۆری هەیە.
 
ئەو وەزیرە ئیندۆنیزییە کە بۆ بەشداریکردن لە 79یەمین کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک بوو، بە رووداوی گوت: "ئێستاش ئێمە خەریکی توێژینەوەین لەسەر ئەو گیایە. ئەو گیایە تەنانەت دەتوانێت یارمەتیی کەمکردنەوەی پلاستیک بدات، کە ئێستا گەورەترین کێشەیە و پلاستێکی زۆر فڕێدەدرێتە نێو زەریاکان."
 
گیای دەریایی رووەکێکی خۆڕسکە و لە قووڵایی زەریاکاندا دەڕوێت، بەگشتی پێنج سوودی سەرەکی بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا هەیە: 
 
- گسکی کاربۆنە: گیاکە دەتوانێت بڕێکی زۆری کاربۆن لە هەوا و ئاو هەڵمژێت، بەمەش کاریگەریی ئەو گازە گەرمکەرە لەسەر ئاو و هەسارەی زەوی کەمدەکاتەوە.
 
- ئۆکسجین بەرهەم دەهێنێت: گیای دەریایی هەروەک درەختەکان، لەکاتی کردەی رۆشنەپێکهاتن ئۆکسجین دەخاتە نێو هەواوە.
 
- یارمەتیی کەمکردنەوەی ترشی ئاو دەدات: گیای دەریایی کاتێک گازی کاربۆن هەڵدەمژێت، یارمەتیی هاوسەنگکردنی رێژەی ترش و تفتی ئاوەکە (PH) دەدات، بەمەش زیندەروەرانیی نێو ئاوەکە زیانەکانی بەرزیی ترشێتی دەپارێزێت. 
 
- ئاو پاکدەکاتەوە: گیای دەریایی وەکو فلتەرێک کاردەکات و کواڵیتیی ئاوەکە بەرز دەکاتەوە.
 
- جێگرەوەی پلاستیکە: دەتوانرێت مادەیەکی هاوشێوەی پلاستیک لە گیای دەریایی دروست بکرێت کە زوو شی دەبێتەوە و ژینگە پیس ناکات. گیای دەریایی هەروەها وەکو پەینیش سوودی لێ وەردەگیرێت.
 
دەقی قسەکانی لوهوت بینسار پانجایتان بۆ رووداو:
 
"پێموایە ئەمڕۆ پرسی کەشوهەوا زۆر گرنگە، ئێستا خەڵکێکی زۆر خەریکی توێژینەوەن لەسەر گیای دەریایی. دەکرێت گیای دەریایی یارمەتییەکی زۆری پاراستنی جیهان بدات، چونکە گیای دەریایی دەتوانێت دووەم ئۆکسیدی کاربۆن کەمبکاتەوە و توانایەکی زۆری هەیە. ئێستاش ئێمە خەریکی ئەوەین، خەریکین توێژینەوە لەسەر گیای دەریایی دەکەین، چونکە من پێموایە ئەمە دەتوانێت یارمەتیمان بدات لە هێشتنەوەی پلەی گەرمی لە 1.5 پلەی سیلیزی و رێگەگرتن لە بەرزبوونەوەی. پێموایە ئەمە پانێڵێکی زۆر باشە بەڵام لێرە تێگەیشتنی زۆر کەم لەسەر رۆڵێ گیای دەریایی هەیە. گیای دەریایی تەنانەت دەتوانێت یارمەتیی کەمکردنەوەی پلاستیک بدات کە ئێستا گەورەترین کێشەیە و پلاستێکی زۆر فڕێدەدرێنە نێو زەریاکان."