کۆنگرەی پارتی ئازادیخوازانی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت؛ بەشێکی ئەندامانیان ناڕازین

رووداو دیجیتاڵ

لە ئەمریکا کۆنگرەی پارتی ئازادیخوازان بەڕێوەدەچێت کە سێیەم پارتی گەورەی وڵاتەکەیە، جگە لە بەربژێرانی خۆیان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا، بەربژێری پارتی دیکەش بەشدارن، ئەمەش بووەتە مایەی ناڕەزایەتیی بەشێکی ئەندامەکانیان. 
 
چەیس ئۆلیڤەر، لەنێو پارتی ئازدیخوازانی ئەمریکا لەگەڵ هەشت ئەندامی دیکەی پارتەکەی بەربژێرە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و چاوی لەوەیە لەنێو کۆنگرەی نیشتمانیی پارتەکەی خۆیدا دەنگ بهێنێت و لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کە بڕیارە لە مانگی نۆڤێمبەری ئەم ساڵ بەڕێوەبچێت، رکابەرایەتی دۆناڵد ترەمپ لە کۆمارییەکان و جۆ بایدن لە دیموکراتەکان بکات.
 
چەیس ئۆلیڤەر، بەربژێر بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا بە رووداوی گوت ''یەکەم شت کە دەمانەوێت بیگۆڕین، پەیوەندیی حکومەتە لەگەڵ خەڵک، خەڵکی زۆر هەن کە پەنجە بۆ حکومەت رادەکێشن و تۆمەتباری دەکەن، بەڵام فەلسەفەی ئازادیخوازەکان ئەوەیە؛ ئەگەر تۆ لە رێگەی هێز و فێڵکردن و تووندوتیژییەوە ئازاری کەس نادەیت، ئازادی چی دەکەیت و خاوەنی ژیان و جەستەی خۆتیت، بازرگانی و موڵکەکان هی خۆتن."
 
بۆیە دەڵێ "ئەگەر ببمە سەرۆک، لێخۆشبوون بۆ ئەو کەسانە دەردەکەم، کە تووندوتیژییان نەکردووە و دەستگیکراون و هیچ هۆکارێک نییە لە زینداندابن. دەستیش دەکەم بە کشاندنەوەی هێزەکانمان لە هەموو جیهاندا، تاوەکو ئاشتی لە جیهان بەدیبهێنم.''
 
پارتی ئازادیخوازانی ئەمریکا، سێیەم گەورەترین پارتی سیاسی ئەمریکایە و خاوەنی نزیکەی 750 هەزار ئەندامە، دەیەوێت لەم کۆنگرەیەیدا لە واشنتن، بەربژێرەکانی بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا یەکلایی بکاتەوە. 
 
کۆنگرەکەیان بۆ سێ رۆژ بەردەوام دەبێت و ئەوەی جێگەی سەرنجیشە، بێجگە لە بەربژێرەکانی خۆیان، دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان و رۆبێرت کەنەدی، بەربژێری سەربەخۆ و نزیک لە دیموکراتەکانیش بەشداری لە کۆنگرەکان دەکەن و گوتار پێشکێش دەکەن، کە ئەمە جێگەی نیگەرانیی بەشێک لە ئەندامەکانیانە.
 
وێس بێندیکت، ئەندامی پارتی ئازادیخوازانی ئەمریکا گوتی ''بەڵێ، زۆربەی ئەندامەکانی وەک من، بێهوابوون لەو بڕیارە، ئێمە پارتی ئازادیخوازەکانین و بەپێی یاسا، پێویستە وەک لایەنێکی سیاسی جیاواز کاربکەین و پشتیوانی لە بەربژێرەکانی خۆمان بکەین."
 
بە بڕوای بێندیک گونجاو نەبووە بەربژێری پارتەکانی دیکە یان سەربەخۆکان بانگهێشت بکەن و لەم کۆنگرەیەدا بەشداربن، چونکە ئەمە وەک کامپەینێکی هەڵبژاردنی لێدێت بۆ ئەوان، بۆیە دەڵێ "پێم وانییە پێویست بکات ئەوان لێرە بن."
 
لە ئەمریکا، بێجگە لە پارتی کۆماری و دیموکراتەکان، نزیکەی 420 پارتی دیکەی سیاسی تۆمارکراون. پارتی ئازادیخوازەکانی ئەمریکا، سێیەم گەورە پارتی سیاسییە و لە ساڵی 1971ـەوە دامەزراوە، بەڵام هیچ کاتێک بەربژێرەکانیان نەیانتوانیوە لە هەڵبژاردنی گشتیی ئەمریکادا کێبرکێی کۆماری و دیموکراتەکان بکەن، تەنیا لە هەندێک ویلایەت نەبێت ئەویش لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکان.