پووتین: کیم جۆنگ ئون بەتەواوی پابەندی بەڵێنەکانی بووە
رووداو - هەولێر
سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، سەرۆکی کۆریای باکوور بەتەواوی پابەندی بەڵێنەکانی بووە، کەچی ئەمریکا لووتکەکەی هەڵوەشاندووەتەوە.
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور بەتەواوی پابەندی ئەو بەڵێنانەبووە کە پێشتر داونی.
پووتین راشیگەیاند، بەر لەوەی ئەو کۆبوونەوەیە لەلایەن ئەمریکاوە هەڵبوەشێتەوە، سەرۆکی کۆریای باکوور هەموو بەڵێنەکانی بەجێهێناوە، هەتا هەموو ئەو تونێل و ناوەندانەشی تەقاندنەوە کە تاقیکردنەوەکانی لێ ئەنجامدەدران.
بڕیاربوو رۆژی 12ی 6ی 2018 لووتکەی نێوان ئەمریکا و کۆریای باکوور بەڕێوەبچێت، بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە بەپاساوی "هەڵوێستی دوژمنکارانەی کۆریای باکوور" لووتکەکەی هەڵوەشاندەوە.
هەڵوەشاندنەوەی لووتکەکە هەموو هیواکانی لەبارنەبردووە، بەڵکو لە نامەکەی ترەمپ-دا سوپاسی کیم کراوە بۆ چەند هەنگاوێکی وەک ئازادکردنی دەستگیرکراوە ئەمریکییەکان. ترەمپ هاوکات بە کیم-ی راگەیاندووە" هەر کاتێک بۆچوونی گۆڕی، ئەوا دەتوانێت بە تەلەفۆن یان بە نامە پەیوەندیی پێوەبکات".
داڕشتنەوە: حەکیم داود