وەزارەتی بەرگریی تورکیا: لە مۆسکۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق تاوتوێکرا


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بەرگریی تورکیا لەبارەی کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگریی سووریا، تورکیا، ئێران و سووریا لە مۆسکۆ دەڵێت، باسیان لە بەهێزکردنی ئاسایشی سووریا، ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا-سووریا و چەند بابەتێکی دیکەیش کردووە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 25-04-2023، خوڵوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا و هاکان فیدان، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی وڵاتەکە لە مۆسکۆ لەگەڵ هەریەک لە سێرگی شۆیگو، وەزیری بەرگریی رووسیا، محەممەد رەزا ئاشتیانی، وەزیری بەرگریی ئێران و عەلی مەحموود عەباس، وەزیری بەرگریی سووریا کۆبوونەوە، ئەمە بەگوێرە راگەیێندراوێکی وەزارەتی بەرگریی تورکیا. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا بەرپرسانی هەواڵگریی رووسیا، ئێران و سووریاش بەشدار بوون و سەرنج لەسەر چەند پرسێک بوو کە بریتین لە:
 
- بەهێزکردنی ئاسایشی سووریا
- هەنگاوی کردەیی لە بابەتی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا-سووریا
- بەرەنگاربوونەوەی تەواوی رێکخراوە تیرۆریستییەکان و گرووپە تووندئاژۆکانی نێو سووریا
- چڕکردنەوەی هەوڵەکانی تایبەت بە گەڕاندنەوەی پەناخوازانی سووری بۆ خاکی خۆیان.
 
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی تورکیادا هاتووە، کۆبوونەوەکە لە "کەشێکی ئەرێنییدا" بەڕێوەچوو و تەواوی لایەنەکان ئاماژەیان بەوە کرد کە رێز لە یەکێتیی خاکی سووریا دەگرن.
 
رۆژی دووشەممە، 24-4-2023، وەزیری بەرگریی تورکیا لەبارەی هەوڵەکانی تایبەت بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق رایگەیاند، پەیوەندییەکان لە چوارچێوەی رێزگرتنی یەکتر بەردەوامن و گوتی، "پێشبینی دەکەین چەند پێشهاتێکی ئەرێنی دوای کۆبوونەوەکە رووبدەن".
 
رۆژی 7-4-2023 مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا و سێرگی لاڤرۆڤی هاوتا رووسییەکەی لە تورکیا کۆبوونەوە. لەبارەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سووریا چاوشئۆغلۆ ئەوکات بە پێویستی زانی دانوستاندن لەگەڵ سووریا بە شەفافی بەردەوام بێت.