ماکرۆن دەڵێت داعش لە پشت هێرشەکەی مۆسکۆوەیە
رووداو دیجیتاڵ
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رۆژی دووشەممە گوتی، پاریس زانیاریی هەیە کە داعش هێرشەکەی شەوی هەینیی مۆسکۆی کردووە، هۆشداریشی بە رووسیا دا کە هێرشەکە نەخاتە ئەستۆی ئۆکراینا.
ماکرۆن دوای گەیشتنی بە گایانای فەرەنسی لە کیشوەری ئەمریکای باشوور، بە رۆژنامەڤانانی گوت: "فەرەنسا زانیاریی هەواڵگری هەیە کە "لقێکی دەوڵەتی ئیسلامی پلانی هێرشەکەی داناوە و جێبەجێیکردووە."
هەروەها گوتی: "هەمان ئەو گرووپە چەندین جار هەوڵیداوە هێرش بکاتە سەر خاکی ئێمە."
ماکرۆن هۆشداریشی بە رووسیادا کە هێرشەکە "خراپ نەقۆزێتەوە.. بۆ رووسیا شتێکی خراپ و ئەنجامی پێچەوانەی دەبێت ئەگەر هەوڵبدات ئەم شتە لە دژی ئۆکراینا بەکاربهێنێت."
داعش بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکە راگەیاندووە کە بووە هۆی کوژرانی لانیکەم 137 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 150ی دیکە.
بەڵام مۆسکۆ تاوەکو ئێستا هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەوە نەداوە، بەڵکو هەواڵگری و ڤلادیمیر پووتینی سەرۆکی ئەو وڵاتە ئاماژە بەوە دەکەن کە رەنگە هێرشکارەکان پەیوەندییان بە کیێڤەوە هەبووبێت.
ماکرۆن باسی لەوە کرد پاریس پێشنیازیی رووسیای کردووە کە "پێکەوەکارکردن زیاد بکەن،" هەروەها "لەسەر ئاستی تەکنیکی و وزاری" پەیوەندی بە رووسیاوە دەکەن نەک لە رێگەی پووتینەوە.
سەرۆکی فەرەنسا و هاوتا رووسییەکەی لە دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی ساڵی 2022ـەوە قسەیان لەگەڵ یەک نەکردووەتەوە.