لە ڤێتنام هەوڵدەدرێت پووش و پەڵاشی برنج بکرێتە پەین
رووداو دیجیتاڵ
لە ڤێتنام بەشێک لە هاووڵاتییان پووش و پەڵاشی کێڵگەکانی برنج دەسووتێنن، بە مەبەستی ئامادەکردنی کێڵگەکە بۆ وەرزێکی دیکەی چاندن، ئەوەش واتا دەردانی گازی پیسکەر و گەرمکردنی جیهان، بەڵام هاووڵاتییەکی دیکە لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی نوێ لە شاری چانتۆ، پووش و پەڵاشی کێڵگەی برنجەکەی ناسووتێنێت، بەڵکو لە ماڵەکەی خۆیدا دەیکاتە پەین.
دۆنگ ڤان جاب، جووتیارە و دەڵێت، "بە دروستکردنی پەینی ئەندامی لە پووشەکان، پیسبوون کەمدەبێتەوە و دەتوانین سوودیشی لێوەربگرین. لە رابردوودا پووش و پەڵاشەکەمان دەسووتاند و سوودمان لێوەرنەدەگرت، بۆیە پیسبوونی ژینگەش لە ئاستێکی بەرزدا بوو".
جگە لە پەین، بەشێک لە جووتیارانی ڤێتنام پووش و پەڵاشی کێڵگەکانیان تەڕدەکەن و ژینگەیەکی لەبار بۆ گەشەکردنی قارچک دەڕەخسێنن. ئینستتیوتی نێودەوڵەتیی توێژینەوەی برنج دەیەوێت لە رێگەی ئەم پڕۆژەیەوە فڕێدانی گازی میسان لە کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی برنجەوە کەمبکاتەوە.
برنج هۆکاری 10٪ـی ئەو گازەی میسانە کە لە جیهاندا دەردەدرێت،، ئێستا زانایان دەڵێن لە شەڕی کەمکردنەوەی گازە زیانبەخشەکاندا، نابێت برنج لەیاد بکرێت. گازی میسان لەلایەن ئەو بەکتریایانەوە دروستدەکرێن کە لە پووش و پەڵاشەکانی کێڵگەی برنج دوای دروێنە بەجێدەهێڵدرێن.
بیۆرن ئۆلێ ساندەر، زانای باڵا لە ئینستتیوتی نێودەوڵەتیی توێژینەوەی برنج گوتی، "ئەوەی برنج لە بەرهەمەکانی دیکە جیادەکاتەوە، هەبوونی چینێکی وەستاوی ئاوە لە کێڵگەکە، واتە ئاڵوگۆڕی هەوا لە نێوان خاک و بەرگەهەوا نییە. ئەوەش واتە لە کێڵگەی برنجدا بەکتریای جیاواز لە کێڵگەکانی گەنم و گەنمەشامی هەن، ئەو بەکتریایانەش ماددەی ئەندامی دەخۆن و شیدەکەنەوە و گازی میسان بەرهەمدەهێنن".
بەپێی وەزارەتی ژینگەی ڤیێتنام، لە ساڵی 2019ـدا برنج نزیکەی نیوەی گازی میسانی بەرهەمهێناوە. بەشێک لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی برنج لە جیهان، لەوانە ئیندۆنیزیا و بەنگلادیش بەدەم پڕۆژەکەوە چوون، تاوەکو لە نێوان 2020 بۆ 2030، گازی میسان 30٪ کەمبکەنەوە، بەڵام چین و هیندستان، کە دوو گەورەترین بەرهەمهێنەری برنجن، بەدەم پڕۆژەکەوە نەچوون.