تورکیا سەرکۆنەی سووتاندنی قورئانی پیرۆز و ئاڵای وڵاتەکە لە دانیمارک دەکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی سووتاندنی قورئانی پیرۆز و ئاڵای تورکیا لە دانیمارک دەکات.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ شەممە، 25-3-2023، بڵاویکردەوە دەڵێت: "سەرکۆنەی ئەو هێرشە قێزەوەنە دەکەین کە ئێوارەی دوێنێ دژ بە کتێبە پیرۆزەکەمان قورئان و ئاڵای شکۆمەندیمان لە دانیمارک کرا".
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا هەروەها بە جەختکردنەوە لەوەی "ئەنجامدانی کارێکی وەها لە مانگی رەمەزاندا، جارێکی دیکە بە روونی دەریخستووە کە دژایەتیکردنی ئیسلام و بیانییەکان و جیاکاری لە ئەوروپا رۆژ لەدوای رۆژ مەترسیدارتر دەبێت". ئاماژەیکردووە، هیچ وانەیەک لە رابردوو وەرنەگیراوە و بە تووندیش سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکەن.
تورکیا داواشی لە دەسەڵاتدارانی دانیمارک کردووە رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بەرامبەر ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە و رێکاری پێویست بگرنەبەر بۆ رێگریکردن لەو جۆرە دنەدانە کە ئاشتیی کۆمەڵایەتی و کولتووری پێکەوەژیانی ئاشتییانە دەکاتە ئامانج.
رۆژانی هەینی 24-3-2023 ئاڵای تورکیا لەبەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە کۆبنهاگنی پایتەختی دانیمارک سووتێندرا. هەروەها 27-1-2023 هەر لە دانیمارک قورئانی پیرۆز سووتێندرابوو.