زانیاری لەبارەی براوەی خەڵاتی شیفا گەردی 2025؛ دایکی هەڵاتووی دەستی جەنگە
رووداو دیجیتاڵ
تۆڕی میدیایی رووداو خەڵاتی ئەم ساڵی شەهید شیفا گەردی بە خانمە رۆژنامەڤانێکی بەریتانی – ئێرانی دەبەخشێت کە هاوشێوەی شیفا، لە ناوچە مەترسیدارەکانی جەنگ و ململانێ، هەوڵی گەیاندنی راستییەکان دەدات.
بۆ بەرزڕاگرتنی یادی شیفا گەردی، کە لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا لە ساڵی 2017 لە کاتی رووماڵکردنی شەڕی دژی داعش بەهۆی بۆمبێکی چێنراوەوە گیانی لەدەستدا، رووداو ساڵانە خەڵاتێکی زێڕین بە خانمە پەیامنێرێکی جەنگیی دیاری جیهان دەبەخشێت.
لەیلا مۆلانا ئالێن لەلایەن دەستەی دادوەریی خەڵاتی شیفا گەردییەوە وەک براوەی ئەم ساڵ دەستنیشان کراوە.
لەیلا لە باوکێکی بەریتانی و دایکێکی ئێرانی لە لەندەن لە دایکبووە. ئێستا پەیامنێری کەناڵی ئەمریکیی پی بی ئێسە و سەرنجی راپۆرتەکانی لەسەر ناوچەکانی ململانێی و جەنگە.
خانمە پەیامنێرەکە لە ناوچە سەختەکانی وەک غەززە، کەرتی رۆژئاوا، سووریا و سوودان رووماڵی جەنگ و نەهامەتییەکانی کردووە. هەروەها رووماڵی هەواڵەکانی ناوچەکانی دیکەی ئەفریقا و بەریتانیاشی کردووە. لەگەڵ چەندین تۆڕی هەواڵی بەناوبانگی جیهانی، لەوانە جەزیرەی ئینگلیزی، ئێن بی سی نیووز و بی بی سی کاریکردووە.
خانمە پەیامنێرەکە بردنەوەی خەڵاتەکە بە "شانازییەکی گەورە" ناودەبات و دەڵێت: "سوپاسی دادوەران دەکەم بەرامبەر ئەم رێزلێنانەیان لە کارەکەم. هەروەها سوپاس بۆ هونەرمەند حەمید نیکخا بۆ دیزاینکردنی ئەم خەڵاتە جوان و سرووشبەخشە. زۆر دڵخۆشم کە بوومەتە براوەی ئەم خەڵاتە لە یادکردنەوەی شیفادا و دەچمە ریزی براوەکانی دیکەوە."
لەیلا بە رووداوی گوت: "ئەم کارەی ئێمە دەیکەین، شکۆمەندییەکی گەورەیە، لەگەڵ ئەوەش دا دەکرێت زۆر ئازاربەخش بێت، بەڵام زۆر بەختەوەرم کە خێزانە ناوازە و هاوڕێ جوانەکانم پشتگیریم دەکەن. وەک منداڵێک کە لە نێو نەهامەتییەکی قووڵی بۆ ماوەدا لەدایکبووم، لە دایکێک کە هەڵاتووی دەستی جەنگە و نیشتمانە خۆشەویستەکەی لەدەستداوە، هەرگیز و بە هیچ شێوەیەک بە چاوێکی دیکە سەیری خەڵکی ناوچەکانی جەنگم نەکردووە و بە جیاواز لەوانەم نەبینیون کە بەختیان هەیە و لە ئاشتی دا دەژین. بۆیە منیش ئەم کارە دەکەم. رووماڵکردنی ململانێیەکان، کارێکی خێرا و مەترسیدارە و گوشارێکی گەورەی هەیە."
رۆب بەینن، ئەندامی دەستەی دادوەریی خەڵاتی شیفا گەردی، کە یەکێک بووە لەو کەسانەی لە سەرەتای دامەزراندنی رووداو راهێنانی بە شیفا گەردی و هاوکارەکانی داوە و لە نزیکەوە ئاگاداری بەهرە و تواناکانی بووە، ئاماژە بەوە دەکات، توانا و بەهرەکانی لەیلا، شیفامان بیردەهێننەوە.
بەینن دەڵێت، لەیلا "بەم دواییانە لە سووریا بوو، دوای ئەوەی ئەسەد هەڵهات. ئەو زۆر نەهامەتی و ئاستەنگە مرۆییەکانی ئاشکراکردن. ئەو هەروەها لە سوودانیش کاریکردووە، کە بەهۆی شەڕی نێوخۆوە وێران بووە. ملیۆنان کەس ماڵەکانیان لەدەستداوە. ئەو لەوێ بە دوای رەهەندی مرۆیی چیرۆکەکاندا گەڕا، واتە ئەو چیرۆکە کەسییانەی کە خەڵک بەخۆی لە راپۆرتە زۆر کاریگەرەکانیدا بۆی دەگێڕنەوە. ئەمانە هەمان ئەو بەهرانەن کە شیفامان وەبیردەهێننەوە."
لە بارەی خەڵاتەکەوە، بەینن ئاماژە بەوە دەکات، "رووداو خەڵاتی شیفا گەردی راگەیاند بۆ ئەوەی رێز لە کاری خانمە پەیامنێرە بوێر، چاونەترس و بەتواناکان بگرێت، کە وەک شیفا دەڕۆن چیرۆکی زەحمەت، ناوچەی جەنگ، کارەسات و شەڕی نێوخۆ رووماڵ دەکەن."
لەیلا جگە پەیامنێری جەنگی، وەک فیلمسازیش کاریکردووە. لە زانکۆی ئۆکسفۆرد بەکەلۆریای لە بواری مێژووی کۆن و هاوچەرخ، هەروەها لە زانکۆی کۆڵۆمبیا ماستەری لە بواری رۆژنامەڤانیدا بەدەستهێناوە.
ئەو دەڵێت: "جەنگ تەنیا پەیوەندی بە تفەنگ، بۆمبەکان و درێژیی سەنگەرەکانەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە مرۆڤ و ئەوەوە هەیە کە سیاسەت، پارە و دەسەڵات چی بەسەر ئەو خەڵکە دەهێنێت کە هیچ دەسەڵاتێکیان بەسەر ئەو هێزانەدا نییە، ئەو ژیانەی بە خۆشەویستی بونیادیانناوە لێیان دەستێنێ و پارچە پارچەی دەکات."
ئەدریان وێڵز، بەڕێوەبەری تۆڕی ئاڵۆگۆڕی هەواڵی ئەورووپی (ئینێکس) لە بارەی گرنگیی خەڵاتی شیفا گەردییەوە دەڵێت: "سوپاس بۆ رووداو لە بەرامبەر پابەندبوونی بەردەوامی، نەک تەنیا بە شیوەنگێران لە یادی لەدەستدانی یەکێک لە پەیامنێرە هەرە بەهرەدارەکانتان، بەڵکو هەروەها لە بەرامبەر وەبیرهێنانەوەی رێچکە و ژیانی ئەو رۆژنامەڤانانەی لە پێناو ئاشکراکردنی راستییەکاندا، سەختترین باج دەدەن."
بەڕێوەبەری گەورەترین تۆڕی هەواڵی ئەورووپی لە بارەی ئەو رۆژنامەڤانانەی لە کاتی رووماڵکردنی ململانێکاندا گیانیان لەدەستداوە، ئاماژەی بەوە کردووە، "ئەگەر یادی ئەوان نەکەینەوە، ئەوا لە بەرزراگرتنی ئەو بنەمایانەی ئەوان خەباتیان بۆ دەکرد، شکست دێنین. ئەمڕۆ بە دڵنیاییەوە دەزانین کە شیفا خوازیارە ئێمە بەردەوامی بە کارەکەی بدەین. بێگومان براوەی ئەم ساڵیش، لەیلا مۆلانا، هەمان کار دەکات."
وێڵز دەڵێت: "پیرۆزە لە لەیلا و لە رووداویش لە بەرامبەر پابەندبوونی بە رێچکەی شیفا و ئەرکی رۆژنامەڤانیی پیشەگەر و بوێرانە."
بە بەدەستهێنانی ئەم خەڵاتە، لەیلا دەچێتە پاڵ پۆلێک خانمە پەیامنێر، کە خەڵاتی شیفا گەردییان پێدراوە.
براوەکانی خەڵاتی شیفا گەردی
2024: کلارێسا وۆرد، سی ئێن ئێن
2023: ئیزۆبێل یەنگ، ڤۆیس نیووز
2022: لیز دۆسێت، بی بی سی
2021: ئەلێکس کرۆوفۆرد، سکای نیووز
2020: ئەروا دەیمن، سی ئێن ئێن
2019: جێنان مووسا، ئەلئان تیڤی