خەڵاتەکانی فێستیڤاڵی بەرلینالە دابەشکران
رووداو دیجیتاڵ
فیلمی براوەی خەڵاتی ورچی زێڕینی 74ـەمین خولی بەرلینالە راگەیێندرا و ماتی دیۆپ، دەرهێنەری سەنیگالی، لە رێگەی بەڵگەفیلمی "Dahomey" بوو بە خاوەنی خەڵاتەکە. بەرلینالە لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی فێستیڤاڵ هەشت خەڵاتی دابەشکرد.
چیرۆکی بەڵگەفیلمەکە باسی گەڕاندنەوەی 26 کاری هونەری تاڵانکراو لەلایەن فەرەنساوە دەکات کە ساڵی 2021 گەڕێندراونەتەوە شوێنی راستەقینەیان لە وڵاتی بەنین. ماتی لە ساڵی 2019ـەش بە درامای ئەتلانتیک ببوو بە خاوەنی خەڵاتی گەورەی فێستیڤاڵی کان.
ماتی دیۆپ، براوەی خەڵاتی ورچی زێڕین رایگەیاند، "زۆر دڵخۆشم کە ئەم فیلمە یەک تۆز هیوا بهێنێت و لە ئاست چاوەڕوانیدا بووبێت، لە هەمووی گرنگتر ئەو پرسیارانەی کراون لەلایەنی قوتابیانی گەنجی ئەفریقییەوە بوونە."
ئێمیلی واتسن، ئەکتەری بەنێوبانگی بەریتانی کە بەربژێری خەڵاتی ئۆسکاربووە و، لەم فێستڤاڵەدا بەهۆی رۆڵ بینینی لە فیلمی Small Things Like These بوو بە خاوەنی خەڵاتی ورچی زیوین بۆ باشترین ئەکتەری ژن و سباستیان ستان، ئەکتەری ئەمریکی بۆ رۆڵگێڕانی لە فیلمی A Different Man بوو بە خاوەنی خڵاتی ورچی زیوین بۆ باشترین ئەکتەری پیاو.
ئێمیلی واتسن لەدوای بردنەوەی خەڵاتەکە، گوتی، "هەستێکی سەرسوڕهێنەرە کە لەنێو ئەو هەموو بەرهەمهێنەری فیلمەدابیت، لاو و بەتەمەن، کە هەموویان لێهاتوون و هەستدەکەیت هۆڵەکە پڕ لە کەسی برسیە بۆ سەرکەوتن، خەڵکێکی تێدایە حەز دەکەن چیرۆکی خۆیان باسبکەن تاوەکو بمێننەوە و ئەمەش هەستێکی تایبەتە کە بەشێک بیت لەمە."
سباستیان ستان، براوەی خەڵاتی ورچی زیویی بۆ باشترین ئەکتەری پیاو گوتی: "سوپاسگوزارم کە فیلمەکە بەشێوەیەک ناساندینی بەتایبەت بۆ من کە بیر لە گەورەیی ئەم فێستیڤاڵە و مێژووەکەی دەکەمەوە سوپاسگوزارم."
دوو سەرۆکی فێستیڤاڵەکە لەساڵی 2019ـەوە لەو پۆستەدان، بەڵام ئەمە دوایین خولی بەرلینالەیانە وەک سەرۆک بەشداری دەکەن.
کارلۆ چاتریان، هاوسەرۆکی فێستیڤاڵەکەیە و دەڵێت، "بێگومان من بیری کارکردن دەکەم لەگەڵ ئەم خەڵکانە، بیری رەخساندنی دەرفەت بۆ فیلمە باشەکان دەکەم، بەڵام فێستیڤاڵەکە بەردەوام دەبێت و من سەیری فیلمەکان دەکەم. چ لێرە یان لە شوێنێکی دیکە بم، شانازی بەم خەڵکەوە دەکەم."
لە فێستیڤاڵی ئەم ساڵی بەرلینالە 233 فیلم لە ژانرەی جیاواز نمایشکران و زیاتر لە 12 هەزار کەس لە 143 وڵاتی جیهانەوە ئامادەی فێستیڤاڵێکە بوون.