سێنتکۆم: چوار درۆنمان لە دەریای سوور خستنە خوارەوە
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئەمڕۆ رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا چوار درۆنیان لە باشووری دەریای سوور خستووەتە خوارەوە، کە لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حووسییەکانی یەمەنەوە فڕێنرابوون.
ئەمڕۆ (یەکشەممە، 24-12-2023) سێنتکۆم لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، دوێنێ لە باشووری دەریای سوور، چوار درۆنی بۆمبڕێژکراو، "کە لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حووسییەکانەوە هەڵدرابوون"، هەوڵیانداوە هێرش بکەنە سەر کەشتیێکی سەربازیی ئەمریکا لە جۆری تێکشکێنەر، بەڵام هەموویان خراونەتە خوارەوە.
هێزە ئەمریکییەکە هەروەها باس لەوە دەکات، شەوی رابردوو، کەشتیێکی نەوتهەڵگری گابۆن بە ناوی ئێم ڤی سایبابا، کە هەڵگری ئاڵای هیندستانە، واتە لەو وڵاتە تۆمارکراوە و بە گوێرەی یاساکانی وڵاتەکە کاردەکات، درۆنێکی بۆمبڕێژکراوی پێدا تەقیوەتەوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانیی نەبووە.
بەرپرسانی کەشتیێکی دیکە بە ناوی ئێم ڤی بلامانێن، کە هەڵگری ئاڵای نەرویج و تۆمارکراوی ئەو وڵاتەیە و لە جۆری تانکەرە، بە سێنتکۆمیان راگەیاندووە کەشتییەکەیان لە هێرشێکی درۆنیی هاوشێوە رزگاری بووە، بێ ئەوەی زیانی گیانی و ماددی هەبێت.
سێنتکۆم دەڵێت "ئەمانە دەبنە چواردەیەمین و پازدەیەمین هێرشی چەکدارانی حووسی بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان، کە لە 17ـی تشرینی یەکەمەوە ئەنجامدراون."
هەروەها سێنتکۆم ئاماژە بەوە دەکات، هەر لە رۆژی شەممە، دوو مووشەکی بالیستیی دژەکەشتی لەلایەن حووسییەکانەوە "هاوێژراونەتە نێو رێڕەوی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی لە باشووری دەریای سوور،" بەڵام هیچ کەشتیێک ئاگاداری نەکردوونەتەوە، ئەو مووشەکانە زیانیان پێ گەیاندبن.
لە کاردانەوەی جەنگی خوێناویی نێوان ئیسرائیل و حەماس، حووسییەکانی هاوپەیمانی ئێران، کە بەشێکی زۆری یەمەنیان لە ژێر کۆنترۆڵدایە، ماوەی چەند هەفتەیەکە بە هێرشکردنە سەر ئەو کەشتیانەی بە گەرووی بابولمەندەبدا تێدەپەڕن، رێڕەوێکی گرنگی بازرگانیی جیهانییان پەکخستووە.
سێنتکۆم ئاماژە بەوە دەکات، هێزی دەریایی ئەمریکا بە هانای دوو کەشتیی دیکەوە چووە کە لە ژێر هێرشدا بوون.
ئاژانسی ئۆپەراسیۆنی بازرگانی دەریایی بەریتانیاش پێشتر بڵاویکردەوە، درۆنێک لە بابولمەندەب لە نزیک کەشتیێک تەقیوەتەوە.
ئەمریکا سێ رۆژ لەمەوبەر ئۆپەراسیۆنی "پاسەوانی خۆشگوزەرانی" رایگەیاند، کە زیاتر لە 20 وڵات ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە تێیدا بەشداربن بۆ ئەوەی رێڕەوە ئاوییەکانی دەریای سوور بپارێزن.
لە پێشهاتێکی نوێدا کە دەریدەخات خەریکە مەترسیی سەر کەشتییەکان دەریای سوور دەبەزێنێت و دەگاتە دەریاکانی دیکە، رۆژی شەممە پێنتاگۆن رایگەیاند، لە ئێرانەوە بە درۆن هێرش کراوەتە سەر کەشتیێکی بازرگانیی ژاپۆن لە جۆری تانکەر لە نزیک کەناراوەکانی هیندستان.
ئەوە یەکەم جار بوو ئەمریکا بە ئاشکرا ئێران بە هێرشی راستەوخۆ بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان تۆمەتبار بکات، تۆمەتێک کە تاران رەتیکردەوە.
هێرشەکەی زەریای هیندی، دوێنێ دەوروبەری کاژێر 9:00ی بەیانی بەکاتی هەولێر روویدا، کاتێک درۆنێکی بۆمبڕێژکراو بە کەشتییەکەدا تەقییەوە، بەڵام هیچ زیانی گیانی نەبوو.
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رەتیکردەوە وڵاتەکەی دەستی لە هێرشی حووسییەکانی یەمەن بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سوور هەبێت و رایگەیاند: "حووسییەکان خۆیان بە ویستی خۆیان کاردەکەن."
رۆژی شەممە، عەلی باقری، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بە میدیای وڵاتەکەی گوت حووسیەکان "ئامرازی خۆیان هەیە و بە بڕیار و توانای خۆیان کاردەکەن."
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لە گوتەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان بەهۆی هێرشەکانەوە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، دەبێت توانای هێزە بەرهەڵستکارەکان لەبەرچاو بگرن."