بەشێکی ئوسترالییەکان مەڕەکانیان دەکوژن یانیش دەیانبەخشن؛ بزانە بۆ؟

رووداو دیجیتاڵ 

زۆریی گۆشتی مەڕ لە ئوسترالیا نرخەکانی دابەزاندووە و هەندێک لە جووتیاران مەڕەکانیان دەکوژن یان دەیبەخشن بۆ ئەوەی تێچووەکانیان کەمبکەنەوە لەبری ئەوەی لە کێڵگەکاندا بەخێویان بکەن.
 
بەپێی ئاماری کۆمەڵەی گۆشت و ئاژەڵداری ئوسترالیا، نرخی گۆشتی مەڕ لە ساڵی رابردوودا لەو وڵاتە 70٪ دابەزیوە و گەیشتووەتە 1.23 دۆلار بۆ هەر کیلۆیەک.
 
تیم جاکسۆن، شرۆڤەکاری کۆمەڵەکە دەڵێت، "ئۆسترالیا چەندین وەرزی زۆر باشی هەبووە لە ساڵانی رابردوودا، ئەوەش وایکردووە ژمارەی مەڕەکان بگاتە 78.75 ملیۆن سەر و بەرزترین ئاستی ژمارەی مەڕە لەو وڵاتە لەدوای ساڵی 2007ـەوە".
 
بارینی سەروو ئاستی ئاسایی لە سێ ساڵی رابردوودا لەو ناوچانەی مەڕیان تێدا بەخێو دەکرێت هۆکاری سەرەکیی زیادبوونی ژمارەی مەڕەکان بووە بەو ئاستە بەرزە، بەتایبەتی لە ناوچەکانی نیو ساوس وێڵز و ڤیکتۆریا.
 
زیادبوونی ئاستی بارانبارین بووەتە هۆی گەشەکردنێکی بەرچاوی گژوگیا لە ئوسترالیا و دەرفەتێکی نموونەیی بۆ بەخێوکردنی مەڕ رەخساندووە.
 
ئەندرۆ سپێنسەر، سەرۆکی کۆمپانیای بەرهەمهێنەرانی مەڕی ئوسترالیا دەڵێت، "هەرچەندە باران زیاتر ببارێت و بازاڕەکە زیاتر لە گەشەکردندا بمێنێتەوە، لە ئەنجامدا ژمارەکە بەردەوام بووە لە بەرزبوونەوە."
 
سپێنسەر دەشڵێت، ئەوە هۆکارە بۆ ئەوەی شوانکارەکان مەڕ زیاتر لە کێڵگەکاندا دەهێڵنەوە لەبری ئەوەی قەڵەویان بکەن و ئاژەڵەکان دەنێرن بۆ کوشتارگە و بازاڕەکان.
 
هاوکات، ستیڤ ماکگوایەر، جێگری سەرۆکی گرووپی WAFarmers کە تایبەتە بە کشتوکاڵ دەڵێت، "جوتیاران [لەو کاتەوە] قازانجەکانیان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە، رەنگە زۆرێک لە مەڕەکان بازاڕیان نەبێت و ئەوەش دەبێت هۆی ئەوەی جووتیاران بیر لە لەناوبردنی مەڕەکانیان بکەنەوە."
 
ماکگوایەر ئاماژەی بەوەشکرد، جووتیاران زۆر پێیان باشترە ئاژەڵەکان ببەخشن وەک لەوەی بیانکوژن، بەڵام ئێستا ژمارەیەکی ئەو کەسانەش کەمبووەتەوە کە ئامادەن مەڕ بەخۆڕایی وەربگرن.
 
کۆمەڵەی گۆشت و ئاژەڵداری ئوسترالیا دەڵێت، پێشبینی دەکەن ژمارەی مەڕ لەو وڵاتە سێ هێندە زیادببێت.