ئەمریکا دەڵێت 3 هەزار سەربازی کۆریای باکوور لە رووسیا راهێنان دەکەن

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، لانیکەم 3 هەزار سەربازی کۆریای باکوور لە رووسیا راهێنان دەکەن، هەروەها هۆشداری دا لەوەی ئەگەر سەربازانی کۆریای باکوور لە هەر چالاکییەکی جەنگی لە ئۆکراینا تێوەبگلێن، لەلایەن ئۆکراینییەکان دەکرێنە ئامانج. 
 
رۆژی چوارشەممە 23ـی تشرینی یەکەمی 2024، جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە واشنتن گوتی: "ئێمە پێمانوایە لە سەرەتا تاوەکو نێوەڕاستی ئۆکتۆبەر، کۆریای باکوور لانیکەم 3 هەزار سەربازی بردووەتە رۆژهەڵاتی رووسیا".
 
بە گوتەی کێربی، سەربازانی کۆریای باکوور بە کەشتی لە کۆریای باکوورەوە گەیێندراونەتە شاری ڤلادیڤۆستۆک کە دەکەوێتە ئەوپەڕی رۆژهەڵاتی رووسیا و لەوێشەوە بۆ چەندین بنکەی راهێنان لە رۆژهەڵاتی رووسیا گوازراونەتەوە.
 
گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا گوتیشی، "تاوەکو ئێستا نازانین ئەو سەربازانە لە چالاکی جەنگی تێوەدەگلێن یاخود نا، بەڵام ئەگەر بڕیاری جەنگ دژی ئۆکراینا بدەن، لەلایەن ئۆکراینا دەکرێنە ئامانج."
 
لەوەتەی جەنگی ئۆکراینا دەستیپێکردووە، رووسیا و کۆریای باکوور پەیوەندییەکان پەرەپێداوە و پیۆنگیانگ بەردەوام لەلایەن رۆژئاوا بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە چەک بۆ سوپای رووسیا دابین دەکات. 
 
هەفتەی رابردوو، هەواڵگریی کۆریای باشوور بڵاویکردەوە، کۆریای باکوور 1500 کەسی لە هێزە تایبەتەکانی رەوانەی رووسیا کردووە بۆ ئەوەی دژی ئۆکراینا شەڕ بکەن. ئاماژەی بەوەش کرد، کۆریای باکوور پلانی هەیە 12 هەزار سەربازی دیکە بۆ یارمەتیدانی رووسیا بنێرێت.
 
هەروەها رۆژی چوارشەممە، دەزگای هەواڵگریی ئۆکراینا لە راگەیێندراوێکدا داوای کرد، کە سەربازانی کۆریای باکوور چەکەکانیان دابنێن. 
 
17ـی ئەم مانگەش ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا کۆریای باکووری بەوە تۆمەتبار کرد ئامادەکاری بۆ ناردنی 10 هەزار سەرباز بۆ رووسیا دەکات بۆ ئەوەی دژی ئۆکراینا بجەنگن.
 
زیلینسکی گوتیشی، زانیارییان هەیە کە ئێستا ژمارەیەک سەربازی کۆریای باکوور لە ریزی سوپای رووسیا دژی ئۆکراینییەکان دەجەنگن.
 
لە حوزەیرانی ئەم ساڵدا ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا سەردانی کۆریای باکووری کرد و رێککەوتنێکی بەرگری لەگەڵ کیم جۆنگ ئوون، رێبەری کۆریای باکوور واژۆ کرد.
 
لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە مۆسکۆ و پیۆنگیانگ هاوپەیمانی یەکدین و لە ساڵی 2022شەوە کە جەنگی نێوان ئۆکراینا و رووسیا دەستیپێکرد، زیاتر لە یەکدی نزیک بوونەتەوە.